٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان سەبری: سەرۆک سیاسەتێکی حەکیمانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی عێراق پەیڕەو دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە درێژەی وێبینارەکانی ھەفتانەی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان، وە لەژێر ناونیشانی دۆخی سیاسی لە ئێستای عێراقدا، دکتۆرە ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق باسی لە دوایین پێشھاتەکانی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە کرد.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کەوا لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا کاتێک پارتیمان ھاوشانی ژمارەیەک لە ھێزە نیشتیمانیەکانی ترەوە دەنگی زۆرینەیان بەدەستھێنا، ھیوا و ئاوات و ئومێدێکی گەورەی لای ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دروستکرد، بەوەی کەوا بۆ دواجار لەوانەیە پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٨ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو بێتە سەر ڕێڕەوە ڕاستەکەی و ڕێز لە ئیرادەی گەلانی عێراق و دەستووری ھەمیشەیی وڵات بگیردرێت، ناوبراو وتیشی، بە داخەوە نزیکەی ٦ مانگ بەسەر ئەو ھەڵبژاردنە تێپەڕ دەبێت بە بێ ئەوەی ھیچ پێشڤەچوونێک لە پڕۆسەی سیاسی بەدی بکرێت.

دکتۆرە ڤیان سەبری ھەروەھا گوتی، کەوا پارتیمان وەک ئیستیحقاقێکی ھەڵبژاردن و بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و مافە ڕەواکانمان لە بەغدا و بەھێزترکردنی پێگەی کورد لە حکوومەتی ئیتیحادیدا، پارتیمان داوای پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ دەکات و پێداگرین لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، ھەروەھا گوتیشی، ئێمە بڕواشمان بەوە ھەیە کە بوونی سەرۆککۆمارێکی بەھێز و خاوەن کارێزما کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانی بکات لە بەغدا، دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەری ھەبێت بۆ بەرگریکردن لە مافەکانمان و ڕێگەگرتن لە ھەر پێشێڵکردنێکی ئەو مافانە، ھاوکات گوتیشی، ھەر لە سەرەتاوە یەکڕیزی کورد لە بەغدا ستراتیژیەتی سەرەکی و نەگۆڕی پارتیمان بووە، وە ھەموو جۆرە ھاریکاریەکی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی کورد یەکدەنگ و یەکھەڵوێستن بن لە بەغدا، چونکە بڕوامان بەوە ھەیە کە یەکڕیزیمان پێگەمان بەھێزتر دەکات و مافەکانمان زامن دەکات، بەڵام بە داخەوە لایەنەکانی تر ئەوەیان ھەڵبژارد کە ئەو یەکڕیزیە بشکێنن و بەرژەوەندیەکانمان لە بەغدا بخەنە ژێر مەترسیەوە.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ھەروەھا گوتی: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر چەندە بەشێکین لە ھاوپەیمانیەتیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سوننەکان، بەڵام ھاوکات ھێڵی سورمان لە دژی ھیچ لایەنێکی سیاسی عێراقی نیە، ئێمە ھۆکاری چەقبەستوویی پڕۆسەی سیاسی نین لە عێراق، بە پێچەوانەوە ھەموو ھەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی بە ڕێک و پێکی بەڕێوەبچێت و حکوومەتی نوێی فیدڕاڵی بێتە پێکھێنان، ھاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا عێراق بە دۆخێکی مەترسیدار و ھەستیاردا تێدەپەڕێت، وە نەبوونی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار و پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق دۆخەکە بەرەو ھەڵدێرێکی خراپ دەبات و کاریگەرییەکانی خراپ دەبن لەسەر ھەموو لایەک".

دکتۆرە ڤیان سەبری ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، کەوا پارتی لە بەغدایە و بە گرینگیەوە دەڕوانێتە ئێستای پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بۆ ئەوەی داکۆکیکاری بەھێزبێت لە گەلی کوردستان و مافە دەستووریە ڕەواکانی کە چەندین ساڵە لەلایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە پێشێڵ دەکرێن، گوتیشی، کاتی ئەوە ھاتووە کەوا حکوومەتێکی سەربەخۆی نیشتیمانی لە عێراق پێکبێت کەوا ھەموو خەمێکی بەرژەوەندیەکانی گەلانی عێراق بێت و کار لەسەر گەشەدان بە وڵات و بە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی لەو وڵاتەدا بکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا: "سەرۆک بارزانی سیاسەتێکی حەکیمانە و ستراتیژیانە پەیڕەو دەکات لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ دۆخی عێراق".

هەواڵی پەیوەندیدار