٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی بازرگانی: لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێگە نادەین کەلوپەلی خۆراک گران بفرۆشرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ مانگی ڕەمەزان خۆمان باش ئامادە کردووە و لە ھەموو شارەکان لیژنەکانمان چاودێرییەکی چڕی بازاڕ دەکەن و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن کەلوپەلی خۆراک گران بفرۆشرێت.

نەوزاد شێخ کامیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخ کاڵا بەھۆی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی کرد و وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد کە ژووری ئۆپەراسیۆن پێک بێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی کەلوپەل لە بازاڕ و وەزیری ناوخۆش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم پارێزگار و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان کرد و ھەمووانی ڕاسپارد، ھەریەکێکیان لە شوێنی خۆی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن پێک بێنێت و ژوورەکانیش پێک دێن لە بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی و تەندروستی و ڤێتەرنەری و کشتوکاڵ و ئاسایش و پۆلیس و ھەموو دەسەڵاتێکی یاسایی و ئیدارییان پێ دراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: دوای ئەوەی لیژنەکان و ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن دەست بەکار بوون، بۆ مانگی ڕەمەزان لیژنەکانیش چاڵاک کراون بۆ سەرپەرشتیی بازاڕ و نەکردنەوەی خواردنەگان بە ئاشکرا و ڕێزگرتن لە خەڵک و ئەوانەی بەڕۆژوون و، نابێت بەھۆی نێرگەلەکێشانەوە ڕێگاکان لە خەڵک بگیرێن، بۆیە کۆمەڵێک ڕێنمایی دەرکراون.''

گوتیشی: ''چاودێریی بازاڕیش دەکرێت ھەم لە ڕووی نرخ و ھەمیش لە ڕووی کوالێتییەوە، بە جۆرێک کە زیان بە ھاووڵاتی نەگات، کەلوپەلێکی زۆریش لە بازاڕدا ھەیە، چونکە پێشتر گەنم و زەیت کەم بوو، ئێستا ئەویش زۆرە و نرخەکەشی جێگیر بووە و ماوەی ١٠رۆژ دەبێت، نرخ گران نەبووە، بۆیە ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار