بەیاننامەی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهیددا
__2022_03_16_h17m22s53__HK.jpg)
لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی خۆشەویستدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی بێگوناهی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دادەنەوێنین. ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە مرۆییە سەرکۆنە و ڕیسوا دەکەین، داواش دەکەین ئەو کارەساتە هاوشێوەی ئەوانەی تر کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دراون، بە فەرمی لەلایەن جیهان وەك جینۆساید بناسێندرێت و دادوەری بۆ قوربانیان بەرجەستە بکرێت.
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێ دەپەڕێت، کە ڕۆژێکی پڕ ئازارە لە مێژووی گەلەکەماندا و هەمیشە وەك زامێكی ساڕێژنەکراو لە دڵ و هزر و ویژدانی کورد و مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ ڕۆژی مەرگەسات و کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەیە کە لە ئاکامدا زیاتر لە ٥٠٠٠ هاووڵاتیی سیڤیلی ئەو شارە لە یەکێك لە گەورەترین و سامناکترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیدا بوونە قوربانیی دڕندایەتی و بێویژدانی سوپاکەی ئەوکاتی ڕژێمی عێراق کە بە چەکی کیمیاییی قەدەخەکراو کۆمەڵکوژییان دەرهەق بە دانیشتووانی شارەکە ئەنجام دا و هەزارانی دیکەش بریندار و دەربەدەر بوون. کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاوانێك نەبوو تەنها بەرانبەر خەڵکی ئەو شارە و کوردستان، بەڵکوو تاوانێکی گەورەی بێوێنە بوو بەرانبەر بە مرۆڤایەتی و هیچی لە تاوانەکانی تری جیهانی وەك هۆڵۆکۆست و هیرۆشێما و ناکازاکی کەمتر نەبوو، ئەو برینەشی کە دروستی کرد بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە. دەبووایە جیهانی بە ویژدان و شارستانی هەر لە زووەوە بە پەرلەمان و حکوومەت و دامودەزگاکانی ترەوە ئەو تاوانەیان وەك جینۆساید بناساندبایە و ئەنجامدەران و ئەوانەشی لە دوور و نزیك لەو تاوانە تێوەگڵاون، دادگایی بکرابان بۆ ئەوەی ببنە عیبرەت بۆ هەموو ئەوانەی تر کە بیر لە قەتڵوعامی گەلانی خۆیان و بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە قەدەخەکراوانە دەکەنەوە.
ئەو تاوانە نامرۆییە بەشێك بوو لە زنجیرە هەوڵە دڕندەکانی ڕژێمی سەددام بۆ ئەوەی گەلی کورد سەرکوت بکات و ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێک بشکێنێت و، بزاڤی ڕزگاریخوازی و بەرخودانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لاواز بکات، بەو هیوایەی کە کۆتایی بە خەباتی گەلەکەمان بێنێت بۆ سەربەستی و ئازادی. دوژمنانی گەلی کورد خەیاڵیان خاو بوو لەوەی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە و کۆمەڵکوژییەکانی تر بتوانن گەلی کورد و بزاڤە ڕزگاریخوازەکەی سەرکوت بکەن، بە پێچەوانەوە، هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری زیاتر پەرەی سەند و کورد توانی بەردەوامی بە خەبات و بەرخودانی خۆی بدات و بەشێك لە مافەکانی خۆی بەدەست بێنێت، هەروەها ببێتە خاوەن پێگەیەکی بەهێز و ئەکتەرێکی سەرەکیی سیاسەتی ناوچەکە و جیهان بەگشتی و، بەشێك لە تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە بەردەمی قوربانیان و دونیا دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
لەم یادە خەمناکەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تر و هەموو تاوانەکانی ڕژێـمی بەعس دەرهەق بە گەلەکەمان دەنێرین، داوای هەڵوێستی بەهێزتر لە کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی دەکەین بۆ ئەوەی ڕۆڵ لە ساڕێژکردنی برینەکانی کەسوکاری قوربانیان و وەدەستهێنانی دادپەروەری ببینن، هەروەها گەل و هەرێمی کوردستان لە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەرەکی بپارێزن.
سەرشۆڕی بۆ تاوانباران و ئەنجامدەرانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. سەربەررزی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژییەکانی گەلی کورد و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان.
لقی ٦ی ئەورووپا
پارتی دیموکراتی کوردستان.




