وەزارەتی ناوخۆ: رای گشتی لە ئەنجامەکان ئاگاداردەکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە "هێرشێکی ترسنۆکانەیە" و دڵنیاییش دەدات کە "هەولێر ئارام و هەر بە ئارامی دەمێنێتەوە".
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "شەوی 12/13-03-2022 پاش کاتژمێر 01:00ی بەرەبەیان، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان 24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن".
وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، لە دەرئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، "زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاووڵاتییەک بە سووکی بریندار بووە".
دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کردووە و وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "دواتر رای گشتی لە ئەنجامەکان ئاگاداردەکەینەوە".
وەزارەتی ناوخۆ هێرشەکەی بە "ترسنۆکانە" ناوبردووە و دەڵێت، "شەرمەزاری دەکەین"، هەروەها دڵنیاییش دەداتە خەڵکی هەولێر و کوردستان کە "هەولێر ئارامە و هەر بە ئارامی دەمێنێتەوە"
شەوی 13-03-2022 بە چەند مووشەکێک هێرشکرایە سەر هەولێر و بەهۆیەوە زیان بە چەند باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشمانییان کەوت، هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە هاونیشتمانییەک کە شۆفێری تەکسییە برینداربوو.




