بەرپرسی تازەی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی دەستبەکار بوو
__2022_03_10_h18m16s19__HK.jpg)
بە سەرپەرشتی و لەژێر چاودێریی هەڤاڵ دڵشاد بارزانی و لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری بەرلین، هەڤاڵ ئەنوەر مەسیفی، بەرپرسی تازەی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان و دەستەی تازەی کارگێڕیی لق بەفەرمی دەستبەکار بوون.
سەرەتا هەڤاڵ دڵشاد بارزانی پیرۆزبایی لە بەرپرسی تازەی لق و دەستەی کارگێڕی کرد و هیوای خواست سەرکەوتوو بن لە کار و چالاکییەکانیاندا، جەختیشی کردەوە کە دەبێت خزمەتکردن و برەودان بە هزری نیشتمانی و نەتەوەییی چینی گەنج و لاوی ئەورووپا بدرێت و کار لەسەر سوودوەرگرتن لە تواناکانیان بکرێت بۆ خزمەتکردنی دۆزە ڕەواکانی کوردستان.
هەڤاڵ ئەنوەر مەسیفی، بەرپرسی تازەی لقی ٦ بەرنامەی کار و پڕۆژە و پلانەکانی دەستەی نوێی لقی شی کردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەستەی تازە بە بەرنامەی تازەوە دەست بە کارەکانی دەکات لە سنووری ڕێکخستنەکانی ئەورووپا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییی ڕەوەندی کوردستانی و خزمەتکردنی پارتیمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر.
شایانی باسە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، کۆنفرانسێکی فراوان بۆ ڕێکخستنەکانی پارتیمان لە سنووری ئەورووپا بەڕێوە چوو و بەرپرس و دەستەی تازەی دەستەی کارگێڕیی لقی ٦ هەڵبژێردرا.




