بە گوژمەی زیاتر لە ٢١ ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سنووری دھۆک لە بواری جێبەجێکردندان

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک گوتی، سێ پڕۆژە لە سنووری پارێزگای دھۆک لە بواری جێبەجێکردندان کە بە گوژمەی زیاتر لە ٢١ ملیار دینارن و، دوو لەوانە٩٠%یان تەواو بووە.
خەدیجە محەمەد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە سنووری پارێزگای دھۆک لە قەزای بەردەڕەش ڕێگای قەرەناز بۆ کەورەسۆر کە ماوەک بوو بەھۆی وەرزی زستان وەستابوو، ئێستا جارێکی دیکە دەستی بەکار کردووە و ٦٠%ی تەواو بووە بە گوژمەی ١٤ ملیار دینار و ئۆڤەرپاسی سێمێل کە ئەویش ٩٠%ی تەواو بووە و یەکێکی دیکە ئۆڤەرپاسی زاخۆ کە ئەویش ٩٠%ی تەواو بووە، کە یەکێکیان بە گوژمەی ٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینارە و ئەوەی دیکەش بە گوژمەی چوار ملیار و٢٠٠ ملیۆن دینارە.''
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک ڕوونیشی کردەوە: ''تەواوبوونی ئەو سێ پڕۆژەیە سوودێکی زۆر بە خەڵکی خۆمان دەگەیەنێت، چونکە پڕۆژەی زۆر گرنگن و ھەرکاتێک تەواو بن، دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییانەوە'' .
بڵند ئیبراھیم




