٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتیكان كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

میونشن-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2022/2/18 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ میانى به‌شداریكردنیدا له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پۆڵ ریچارد گالاگێر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتیكان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عیراق، پرۆسه‌ى سیاسى، دۆخى پێكهاته‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، دوایین سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و دۆخى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شه‌نگال تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و گرنگیى پاراستن و قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوو‌رى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن له‌نێوان پیكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان و ئازادیى ئایینى كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌و وڵاتانه‌یان كرد كه‌ دواى هێرشه‌كانى داعش، هاوكاریى ئێزدى و مه‌سیحییه‌كانیان كردووه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ پشتگیریكردنى پێكهاته‌كان به‌تایبه‌تى مه‌سیحى و ئێزدییه‌كان و له‌ پاراستنى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت و ئاماژه‌ى به‌ كاریگه‌رى و گرنگیى سه‌ردانى ساڵى ڕابردووى قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و به‌ سه‌ردانێكى مێژوویى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى داهاتووى عیراق، پرسى كۆچ و دۆخى كۆچبه‌ران و هاریكاریى هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌ورووپا له‌مباره‌یه‌وه‌‌، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار