لایەنەکان: دادگای فیدراڵی لەژێر ھەژموونیی سیاسیدایە

ھەولێر-KDP.info- لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵین و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، زیندووکردنەوەی سکاڵایەکی پێش ١٠ ساڵ نیشانەی پرسیارە و پێویستە پێداچوونەوە بە پێکھاتەی دادگای فیدراڵدا بکرێت تا دژی ھەرێمی کوردستان بەکار نەیەت.
غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری دادگای فیدراڵی بەر لەوەی بڕیارێکی یاسایی و دەستووری بێت، بڕیارێکی سیاسییە و لەژێر ھەژموونیی وڵاتانی ھەرێمی و، ھەندێ لایەنی سیاسیی شۆڤێنیی عێراق دژ بە مافەکانی گەلی کوردستان دەرکراوە و ھەوڵێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستانە".
سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: "ئێمە وەک یەکێتیی نەتەوەیی، ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی ڕەت دەکەینەوە، چونکە بەپێی دەستوور، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و بڕیاری دادگاش دژی خواستەکانی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، ئێمە ئەم بڕیارە بە مەترسی دەزانین، لەبەر ئەوەی ھەرکاتێک بیانەوێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک کارتی فشار بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەکار دێنن".
باپیر کامەلا، سکرتێری گشتیی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستانیش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نەک ھەر ئەو بڕیارەی لەبارەی دۆسیەی نەوت، بەڵکوو ژمارەیەک بڕیار لەو دادگایە دەرچوونە و لەژێر ھەژموونیی ھەندێ لایەنی سیاسیی دەرەکی و ناوخۆییدا دەرکراون، ئەگەر دادگای فیدراڵی بێلایەنە، کێشە نییە، بەڵام دادگاکە لە نوێنەری لایەنەکانی عێراق پێک ھاتووە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە دەردەچن پێچەوانەی پێکەوەژیان و تەوافوقە لە عێراق و گەڕانەوەیە بۆ پێش ڕاپەڕین، ئەگەر دادگای فیدراڵ پارێزەری دەستوورە، بۆچی لەسەر بڕینی بودجەی ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی نەبووە، دەیان پێشێلکاری بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کراوە و دادگای فیدراڵی بێدەنگیی ھەڵبژاردووە".
باپیر کامەلا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێستا ململانێ و کێشە ھەیە لە نێوان لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە نێوان پێکھاتەکان، دەرکردنی بڕیارەکە لەم کاتەدا نیشانەی پرسیار و گومانە، لەبەر ئەوەی سکاڵاکە بۆ پێش ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، خێرە ئێستا دادگا بڕیار دەدات لەبارەی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ئێمە ھەمیشە مەترسیمان لەسەرە و ھەرکاتێک گوێڕایەڵی عێراق نەبووین ئەوە بڕیار دژی ھەرێمی کوردستان دەدرێن، پێویستە کورد داوای پێداچوونەوە بە دادگای فیدراڵیدا بکات و ناکرێت بە دەرکردنی ھەندێ بڕیار، عێراق بەرەو پاشەڕۆژێکی نادیار ببات".
قائید میرۆ




