٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌ندیكای پارێزه‌ران بۆ دادگای فیدڕاڵی: خۆت ڕاست بکەوە.. پێشێلى دەستوورت کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێ بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق له‌باره‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ناده‌ستوورییه‌ و دادگاكه‌ "بۆتە تەرەفدار و کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقى ئاڵۆزتر کرده‌وه‌"

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان، به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق له‌باره‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌:  دادگاى فیدڕاڵیی عێراق، لە برى دەرکردنى بڕیارى یاسایی دەستوورى، بڕیارێکى سیاسى دژى هەرێمى کوردستان، قەوارە و دەسەڵاتە دەستورییەکانى دەرکرد.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوووه‌: لەکاتێکدا ئەو دادگایە کە پێویستە وەک مەرجەعێکى دادوەری، ببێتە شوێنى چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان و لابردنى مەزڵومییەتى سەر گەلانى عێراق و هاووڵاتییانى، ئەویش بە پابەندبوونى دادگا بە دەستوور و مافە دەستوورییەکان، کەچى بەداخەوە بەو بڕیارەى دەرکەوت، کە بۆتە تەرەفدار و کێشە و ناکۆکییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقى ئاڵۆزتر و قووڵتر کردەوە.

سه‌ندیكای پارێزه‌ران، ده‌شڵێ: ناوەڕۆکى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵ، تەواو نادەستووری و نایاساییە و هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گازى هەرێمی كوردستان، کە لە دەزگایەکى فەرمیى دەستوورى تەشریع کراوە، کارەساتێکى زۆر مەترسیدارە و بەهیچ شێوەیەک قابیلى قبووڵ کردن و جێبەجێکردن نییە و رێک پێچەوانەى ماددەکانى (115) و (117)ى دەستوورى عێراقە.

هاوكات سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ دادگاى فیدڕاڵ، بە تەواوى پێشێلى ماددەى (112)ى دەستوورى هەمیشەییى عێراقى کردووە، کە زۆر بە ڕوونیى و ئاشکرایى دان بە مافى حکوومەتى هەرێمەکان و پارێزگاکان دەنێت، بۆ بەڕێوەبردنى هاوبەشى نەوت و گاز لەگەڵ حکوومەتى فیدڕاڵ. کەچى بەداخەوە لە بڕگەى (2)ى بڕیارەکەى، ئەو مافەى بە تەواوى داوەتە حکوومەتى فیدڕاڵ و مافى دەستوورى هەرێمى کوردستانى پێشێل کردووە.

دادگاى فیدڕاڵ، لایەنگیرییەکەى ئەوەندە زەق و ئاشکرایە، لە بڕگەى (3)ى بڕیارە نادەستوورییەکەى، ڕێ بە وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵ نیشان دەدات بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەکانى نەوت و گازى هەرێم لەگەڵ وڵات و کۆمپانیاکان. دەیەوێت بەو بڕیارەى ئیدى ئاڵۆزییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بەشێوەیەک قووڵ بکاتەوە، کە لە تواناى چارەسەرکردن بەتەواوى بچێتە دەر.

داواش ده‌كا، دادگا بە بڕیارى خۆیدا بچێتەوە و تا کار لە کار نەترازەوە، بڕیارەکەى خۆى ڕاست بکاتەوە. بەپێچەوانەوە هیچ بەهایەکى دەستووریى و یاساییى بۆ ئەو دادگایە نامێنێتەوە و متمانەى خۆى بە تەواوى لەدەست دەدات، ئێمەش لە سەندیکاى پارێزەران وەک دەزگایەکى دەستووریى و یاسایی، ئامادەى گشت رێکارێکى یاساییى و دادوەرین بۆ پاراستنى مافەکانى هاووڵاتییانى کوردستان و قەوارەى هەرێمى کوردستان.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار