خالید نەرمۆ: پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش فراوانتر بووە

شێخان -KDP.info- تا دێت پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش بەرەو فراوانی دەچێت و لەم بارەیەوە، ئەندامێکی لیژنەی ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش ئاماژە بەوە دەدات کە قۆناغەکانی نۆژەنکردنەوەکە لەژێر چاودێریی میری ئێزدییان و ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدیاندا بەردەوامە.
لە ساڵی ٢٠١٢ ماستەرپلانی پەرستگای لالش دانرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی شەڕی داعشەوە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەکە وەستێنرا. لەم بارەیەوە ئەندازیار خالید نەرمۆ تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بە هاوکاریی خێرخوازنی ئێزدی تا ئێستا توانیومانە زیاتر لە ٤٠ پرۆژەی بچووک لەنێو پەرستگاکەدا نۆژەن بکەینەوە، لەو پرۆژانە ٢٠ مەزارگەی ئایینین کە لەنێو پەرستگاکەدا لەژێر چاودێری ئەندازیارانی پسپۆڕدا نۆژەن کراونەتەوە و ئێستاش ٢ مەزارگە لەنێو پەرستگاکەدا نۆژەن دەکرێنەوە و کاریان لەسەر دەکرێت.''
خالید نەرمۆ ئاماژەیشی دا: ''وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بەرنامەیەکی تایبەت بۆ پاراستنی شوێنە شوێنەواری و کەلتوورییەکان لە عێراقدا بە دوو قۆناغ و لە هەر قۆناغێکدا 500 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش تەرخان کردووە کە ئەویش شوێنی سەرەکیی پەرستگای لالشە و بەپێی ستانداردی یونسکۆ و زانکۆی پەنسلڤانیای ئەمەریکا کاری نۆژەنکردنەوەی دەکرێت، زانکۆی پەنسلڤانیا زانکۆیەکی بەناوبانگە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە شوێنەوارییەکان و تا ئێستا نزیکەی ٣٠٪ی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکان لە تەواوبووندایە و پێ دەچێت سەرەتای مانگی ١٠ی ئەمساڵ کارەکانیان تەواو بکرێت.''
'' حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پرۆژەکانی پەرستگای لالش و لەم کابینەیەشدا گرنگییەکی زۆری بە پەرستگای لالش داوە و چەندین پرۆژەی دروست کردووە و سەرقاڵی دروستکردنی چەند پرۆژەیەکی دیکەشە، لەوانە ڕیگای سەرەکیی لالش و عەمبارێکی ئاو و کارگەیەکی کۆنی شوێنەواری بۆ گوشانەوەی زەیتوون و دەرەوازەیەکی نوێ بە شێوازێکی ئایینی دروست کراوە.'' نەرمۆ وای گوت.
لە کۆتاییشدا نەرمۆ ئاماژەی دا: ''تۆڕی تایبەتی بانکی عێراقی بە پشتیوانیی بانکی ناوەندیی عێراقی بە دەستپێشخەریی ''تەمکین'' بەشداریی لە دروستکردنی پرۆژەیەکی پەرستگای لالشدا کرد و لە نزیکترین کاتدا دەست بە پرۆژەکە دەکرێ.''
پەرستگای لالش گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگای ئێزدییانە لە سەرتاسەری جیهاندا و دەکەوێتە نێوان سێ شاخی سروشتی کوردستان لە باکووری قەزای شێخان.
کــاروان بــاعەدری




