فراکسیۆنەکان دەربارەی سێ پرس نووسراوێک پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن
_(1)__2022_02_10_h15m27s20__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ سەرجەم فراکسیۆنەکان بە یەک پاکێج و لەڕێگەی نووسراوێکەوە بۆچوونی خۆیان دەربارەی سێ پرس پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و ھەمووان ھاوڕان لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆن و ھەڵبژاردن و دەستوور.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ دواین وادە بوو بۆ پێشکەشکردنی ڕاوبۆچوونی فراکسیۆنەکان بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەسەر سێ پرسی ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن، ھەموارکردنی کۆمسیۆن و ھەموارکردنی یاسای دەستور. لە ڕاستیدا فراکسیۆنەکان بۆ یەکەم جار لە کۆبوونەوەی 8/2 لێکتێگەیشتنێکی باشیان هەبوو کە بەپێویستیان زانی بۆچوونەکان ڕێک بخەن و بە یەک پاکێج و بە نووسراو پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن، ئەویش سێ تەوەر لەخۆ دەگرێت و، ھەمووان ھاوڕا بوون کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت و یاسای دەستوور و ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن پێکەوە ھەموار بکرێتەوە و ھاوڕان کە لەم خولەدا دەست بە ڕەشنووسی دەستوور بکرێت بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٥.''
مونا قەھوەچی گوتیشی: ''ئێمەش وەکوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەدەم داواکارییەکەوە دێین و کۆبوونەوەی لەسەر دەکەین و لەناو کۆبوونەوە پەیڕەوی یاساکان دەگرینە بەر و چاوەڕێ دەکەین پرۆژەیاساکان پێشکەش بکرێن، بەتایبەت یاسای کۆمسیۆن، چونکە ئەگەر یاسای کۆمسیۆن ھەموار نەکرێتەوە، ناتوانین دەست بۆ کەیسی ھەڵبژاردن و دەستوور ببەی.''
بڵند ئیبراھیم




