٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیمیناری پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر شانۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە چوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بە ئامادەبوونی مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی، لە هۆڵی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سیمینارێک لەژێر ناوی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر شانۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ هەریەکە لە دکتۆر پیرۆت ئەحمەد و، فایەق نێروەیی و، هۆشیار سیوەلی بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای سیمینارەکەدا، دکتۆر ئەحمەد پیرۆت، ئاماژەی بەوە دا کە سەرەتای ڕۆیشتنیان بۆ ئەورووپا ساڵی 1975 بووە و لەڕێی کۆمەڵەی خوێنکارانی کوردەوە پەیامی نەتەوەی کوردیان بە ئەورووپا گەیاندووە، نموونەیشی بەوه هێنایەوە کە ئەوکات ڕۆژنامەنووسێکیان پەیدا کردووە، تاکوو ئەگەر بە دێڕێکیش بووبێت، لە ڕۆژنامەیەکی ئەوروپیدا باسی کورد بکرێت، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە ئەوان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە گرینگی بە ڕاگەیاندنەکان بدرێت، تا لەڕێی ئەوانەوە پرسی کورد بگەیەندرێتە نێوەندە جیهانییەکان.

دواتر فایەق نێروەیی، تیشکی خستەسەر پەیوەندییە مێژوویییەکانی کورد و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و، هەندێ بابەتی مێژووییی دیکە.

پاشان هۆشیار سیوەیلی، سەبارەت بە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەمەریکای بە نموونە هێنایەوە و، بە پێویستی زانی سیاسەتی ئەو حزبە بزانرێت کە لەسەر حوکمە، کە تا ڕادەیەک سیاسەتی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ڕوون دەبێت.

جەختیشی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کردەوە، ڕەتیشی کردەوە کە ستراتیژیەتی وڵاتان نەگۆڕ بێت، بەڵکوو ئەوەی نەگۆڕە، بەرژەوەندییە، هەبوونی بەرژەوەندیی گرینگی ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردە نموونە، یەک لەو بەرژەوەندییانە وزەیە، کە دەیەوێت بۆ سەقامگیریی ئاسایشی جیهان هاوکار بێت.

ئەوەی بەلای سیوەلییەوە گرینگ بوو، ئەو بەها هاوبەشانەیە کە بەلای ئیدارەی ئێستای ئەمەریکاوە گرینگن، وەک مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، کە لەوەشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هاوبەشن، هاوکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریشدا هاوبەشین، مەشقپێکردن و هاکاریی هێزەکانی پێشمەرگە سەلمێنەری ئەوەیە، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، ئەوا بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاش پارێزراو دەبێت.

جەختیشی لەوە کردەوە لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە هەرێمی کوردستان دراوسێی ئێران و تورکیایە و پێگەیەکی گرینگی هەیە.

لە کۆتاییشدا هۆشیار سیوەیلی دووپاتی کردەوە، کە دەبێت هێزی ڕەق، کە بوونی پێشمەرگەیە، یەک بخرێن و بەهێز بکرێن، هاوکات هێزی نەرمیش، کە بریتین لە فەرهەنگ و کولتوور و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزرێن و گەشەیان پێ بدرێت.

دواتریش دەرگای پرسیار و وڵام بۆ ئامادەبووان کرایەوە و چەند ئامادەبوویەک بە پرسیار و سەرنجەکانیان بەشدار بوون.

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار