٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ فڕاکسیۆنەکان: تا ١٠ی ئەم مانگە دوا بڕیاری خۆتان بدەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بڕیارە ھەشتی ئەم مانگە سەرۆک فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمان لەبارەی کۆمسیۆنەوە کۆببنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک، چونکە سەرۆکایەتیی پەرلەمان ١٠ی ئەم مانگەی وەکو دوایین وادە بۆ رێککەوتن داناوە، کاتی کەمیش لە بەردەستدا ماوە و پێوستە ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.

زانا مەلا خالید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "رۆژی ھەشتی ئەم مانگە سەرۆک فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە و دانوستان لەبارەی شێوازی دروستکردنەوەی کۆمسیۆنێکی تازە دەکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە رێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی کۆمسیۆنێکی نوێ دروست بکەینەوە و پێشنیازێک بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن بکرێت، ئێمە دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە سازانێکی نیشتیمانی لەسەر بابەتی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، چونکە گرنگە ھەڵبژاردن ئەمساڵ لەوادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "ئێمە وەکو فڕاکسیۆن پێشنیازی خۆمان ئامادە کردووە و پێویستە کۆمسیۆنێکی نوێ دروست بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ھیچ بەربەستێکی یاسایی لە بەردەم کۆمسیۆندا نەبێت".

مەلا خالید ڕوونیشی کردەوە: "سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی ئاڕاستەی سەرجەم فڕاکسیۆنەکان کردووە و پێویستە تا ١٠ی ئەم مانگە دوایین بڕیاری خۆیان لەبارەی کۆمسیۆنەوە بدەن، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بە ئەرکی خۆی ھەڵبسێت، کە گرنگە ئێمەش لەم چەند رۆژەدا بگەینە سازانێک و پێویست ناکات گرفتی سیاسی بۆ دروست بکرێت، چونکە بابەتی کۆمسیۆن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، مافی ھاووڵاتیانی کوردستانە و پێویستە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار