"پاڵاوگە داخراوەکان جارێکی دیکە دەکرێنەوە"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ژینگەی ھەولێر گوتی، لە ھەولێر ١٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی ھەن و ٣٥ پاڵاوگەیان لەوانە داخستبوون، بەڵام جارێکی دیکە دەستیان بەکار کردووەتەوە و ڕێکاری یاسایییان بەرامبەر دەگرنە بەر و پێویستە سەرجەمیان دابخرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەیەکیان داناوە.
فەلاح مەولود، بەڕێوەبەری ژینگەی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە سنووری ھەولێر نزیکەی ١٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی ھەیە و ئێمەش ٣٥ پاڵاوگەمان لەوانە داخستووە و قوفڵمان لێ داون، بەڵام خاوەنەکانیان ڕۆیشتوون و قوفڵەکانیان شکاندووە و دەستیان بەکار کردووە و پێویستە لەڕووی یاسایییەوە ڕێکاریان بۆ بگیرێتە بەر.''
بەڕێوەبەری ژینگەی ھەولێر گوتیشی: ''بەرنامەمان داناوە کە ئەم جارە بە تیمێکی بەھێزتر و لایەنی دیکەی وەکوو سامانە سروشتییەکانیش لەگەڵمان بەشدار بن بۆ ئەوەی سەرجەمیان دابخەین، چونکە مۆڵەتیان نییە و نایاسایین، بۆیە پێویستە سەرجەمیان دابخرێن و فەرمانی داخستنیشیان دەرچووە.''
بڵند ئیبراھیم




