٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بڕیارە ئەمساڵ ھەشت پیشانگای نێودەوڵەتی لە ھەولێر بکرێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  پلانی کردنەوەی پیشانگا نێودەوڵەتییەکان لە ھەولێر ئامادەکراوە و بەڕێوەبەری پیشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێریش دەڵێ، ئەمساڵ ھەشت پیشانگا دەکرێنەوە و یەکەم پیشانگاش پیشانگای کتێبە لە مانگی نیسانی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.

سۆران قادر، بەڕێوەبەری پیشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، " ئامادەکاری کراوە بۆ پلانی ئەمساڵ و بڕیارە زیاتر لە ھەشت پیشانگای نێودەوڵەتی لە شاری ھەولێر بەڕێوەبچن و، کار بۆئەوە دەکەین  ھەر ئەمساڵ پیشانگای زیاتری نێودەوڵەتی بکرێنەوە، چونکە ساڵانی رابردوو بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردنەوەی پیشانگاکان وەک پێویست نەبووە.

بەڕێوەبەری پیشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر دەشڵێت" لە ئێستادا ئەگەر بەھۆی کۆرۆنا و ئومیکرۆن گۆڕانکاری لە رەوشی تەندروستی روونەدات، ئەوا پلانی ئەمساڵ لە مانگی نیسانەوە دەستپێدەکات و وەک خۆی جێ بەجێدەکرێت.

سۆران قادر روونی کردەوە" یەکەم پیشانگای نێودەوڵەتی بۆ ئەمساڵ پیشانگای نێودەوڵەتی کتێبە و بڕیارە لە مانگی نیسانی داھاتوو بەڕێوەبچێت و ژمارەیەکی بەرچاوی خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆ بیانی بەشداری دەکەن، بەڵام داخوازی ھەیە گۆڕانکاری لە کاتەکەیدا بکرێت، چونکە مانگی نیسان دەکەوێتە نێو مانگی  رەمەزانی پیرۆز.


قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار