ڕزگار بەھرام: لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ ئازادکردنی کۆبانێ بەڕێ کەوتین

ھەولێر -KDP.info- لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا ھێزێکی پێشمەرگە لە فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ڕەوانەی کۆبانێ کران و لەسەر دەستی ئەوان کۆبانێ ئازاد کرا کە بەداخەوە لەو ھێزە پێشمەرگەیەکی قارەمان شەھید کرا، بەڵام توانرا کۆبانێ و٣٠٠ گوند ئازاد بکرێن.
ڕائید ڕزگار بەھرام، لە فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک و بەشدار لە شەڕی ئازادکردنی کۆبانێدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ ١٥/١/٢٠١٥ ھێزێکی پێشمەرگەی پشتیوانیی یەک کە لە ١٥٠ پێشمەرگە پێک ھاتبوو بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و بە فەرماندەییی سیھاد بارزانی وەکوو ھێزێکی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بەڕێ کەوتین، سەرەتا لە فرۆکەخانەی ئورفا دابەزین و لەوێش بە ئۆتۆمبێل ڕۆیشتین بۆ سورج لەسەر سنووری کۆبانێ و لەوێ سەعات ٢:٠٠ی شەو گەیشتینە ناو کۆبانێ و داعش دەیانزانی ئێمە دەچین بۆ کۆبانێ کەمینیان دانابوو، بەڵام ئێمە ڕێگامان گۆڕی و گەیشتینە شوێنی مەبەست بە سەلامەتی.''
ڕائید ڕزگار بەھرام گوتیشی: ''یەکەم شەو گەیشتنە کۆبانێ و بووە شەڕ و دەیانویست گورزێک لە پێشمەرگە بدەن و ڕۆیشتینە شوێنی مەبەست و لە شەڕەکان بەردەوام بووین و پاڵپشتیی ئەوانمان دەکرد کە گەیشتینە کۆبانێ لە ١٤ گەڕەک، ھەشتی ئازادکرابوو، بە ھاوکاریی وەجبەکانی پێشمەرگە کە پێش ئێمە ڕۆیشتبوون و شەش گەڕەک مابوو لەگەڵ گردی مشتەنوور کە زۆر ستراتیژی بوو بۆ شەڕکردن و ئەوەی گردەکەی بەدەستەوە بووایە دەیتوانی زۆر زاڵ بێت بەسەر کۆبانێدا، ئەویشمان ئازاد کرد و کۆبانێ بەتەواوی ئازاد کرا.''
بەھرام باسی لەوەش کرد: ''٤٦ ڕۆژ ئێمە لە کۆبانێ ماین و کۆبانێ تا ڕووباری فورات کە ٣٠٠ گوندیش لەخۆ دەگرێت ھەمووی ئازاد کرا کە ناوچەی کوردی بوون و دواتر ئەرکی ئێمە بەکۆتا ھات، بەڵام بەداخەوە پێشمەرگەیەکی قارەمانمان بە ناوی شەھید زێرەڤان ئەکەرەم مزووری شەھید کرا و دوای ئەو ماوەیە گەڕاینەوە و کۆتاوەجبەی پێشمەرگە ڕۆیشتن .''
گوتیشی: ''چوار وەجبەی پێشمەرگە بەشدارییان لە ئازادکردنی کۆبانێ بەتەواوی کرد، کە ٦٠٠ پێشمەرگە بوون بە خۆیان و چەک و تەقەمەنییەوە.''
بڵند ئیبراھیم




