فازڵ نەبی: بەغدا تەنھا چوار جار ٢٠٠ ملیارهكهی بۆ ھەرێم ناردووە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەی دارایی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، حکوومەتی عێراق ساڵی رابردوو ئەو پارەیەی بڕیار بوو مانگانە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانەی بکات، بە تەواوی نەیداوە و تەنھا چوار مانگ دووسەد ملیار دیناری ناردووە و مانگی ١١ و ١٢ی ھەر رەوانە نەکردووە.
دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رێککەوتبوون کە مانگانە بەغدا ٢٠٠ ملیار دینار وەکو سولفە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات بە ھۆی ئەوەی پابەندی یاسای بودجە نەبون و لەجیاتی ئەوە مانگانە ٢٠٠ملیار دینار رەوانە بکەن، بەڵام پابەندی ئەوەش نەبوونە و تەنھا چوار مانگ پارەکەیان رەوانە کردووە.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتیشی، حکوومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو لە مانگی حەوتەوە ٢٠٠ملیار دیناری رەوانە کردووە و تەنھا چوار مانگ رەوانەی کرد و مانگی ١١ و ١٢ی رەوانە نەکردووە، بۆیە پێویستە ئەوەش رەوانە بکات.
دەشڵێ، بەپێی رێککەوتنەکە بێت، پێویستە حکوومەتی عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی ٢٠٠ملیار دینارەکە، بەڵام تا ئێستا پابەند نەبووە وەکو پێویست، بۆیە ھیوادارین لە مساڵدا بێ دواکەوتن و مانگانە ٢٠٠ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات تا بودجەی نوێ پەسەند دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




