٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ بە چەندین چالاکی یادی ئاڵای کوردستان دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی گشتیی دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە چەندین چالاکی یادی ئاڵای کوردستان دەکرێتەوە و ٢٣ ھەزار ئاڵاش بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت، ھەروەھا ١٧ کەسیش لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان خەڵاتی ئاڵایان پێدەدرێت و سبەینێش بە فەرمی ئاڵای کوردستان لە پارکی بارزانیی نەمر لە دھۆک ھەڵدەکرێت.

پەھلەوان شێخ مەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سبەی یادی ئاڵای کوردستانە و چالاکیمان دەبێت، ئەمڕۆش لە ھەرێمی کوردستان لایەنەکان پێکەوە بەشداری لە یادی ئاڵای کوردستاندا دەکەن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان و سبەینێش ئاڵای فەرمی لە پارکی بارزانیی نەمر لە دھۆک ھەڵدەدرێت و ھەر سبەی سەرلەبەیانیش مەراسیمی ئاڵای کوردستان لە ئیدارەی زاخۆ ساز دەکرێت.

شێخ مەم گوتیشی، ئەمساڵ پارێزگاری دھۆک ئاڵای کوردستانی لەسەر ئەرکی خۆی دابین کردووە و کەسایەتی عەبدولواحید بارزانی، پشتگیری نیشان داوە چەندی ئاڵا پێویست بێت، ئەو دابینی دەکات، ئەمەش جێگەی دڵخۆشیی ئێمەیە، بۆ ئەوەی خەڵک بەشدارییەکی فراوان لەو یادەدا بکات، کە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان لە سەرووی ھەموو بەرژوەندییەکانە، چونکە ئاڵا رەمزی وڵاتە و دەستکەوتێکی گەورەیە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ٢٤ نووسینگەی ئاڵامان ھەیە و ئاڵای کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە ٢٣ھەزار ئاڵا دابەش دەکرێت و تەنھا لە لە دھۆک ٣ھەزار ئاڵا دابەش دەکرێت و ئەوانەی بەر سینگیش بە دەیان ھەزار دابەش دەکرێن، بە تایبەت بۆ قوتابیان و فەرمانبەران.

دەشڵێ، لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستانیش لە ھەر پارێزگایەک چەند کەسێک خەڵاتی ئاڵای کوردستانیان پێ دەبەخشرێت، کە ژمارەیان ١٧کەسە، ئەوانەی خزمەتی ئاڵایان کردبێت لە کەرکووک و سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆک و ھەولێر، ئەو کەسانە دوور لە حیزبایەتی خەڵات دەکرێن و لە دەرەوەی وڵاتیش خەڵکی چالاک لە بواری ئاڵای کوردستان خەڵات دەکرێن.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار