وەزیر: ٨٠٠ قوتابی دانیشتوانی گوندی کۆری لەو قوتابخانەیە سوودمەند دەبن

ھەولێر-KDP.info- ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەک لە گوندی کۆریی هەولێر کە بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، لە وتارێکدا ڕایگەیاند، سەرباری قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بە بایەخەوە ڕوانیویەتە گەشەپێدانی کەرەتی پەروەردە و فراوانی و گەشەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە ڕوانیویەتە گەشەپێدانی کەرەتی پەروەردە و فراوانی و گەشەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی و لەو بارەیەشەوە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی ڕاستەوخۆ بووە و هانی وەبەرهێن و سەرمایەدارانی داوە بۆ ئەوەی دەستباری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن و لە چوارچێوەی پابەندیی کۆمەڵایەتیدا ئەرکێکی نیشتمانی بەجێ بێنن''.
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرمایەداران لە گەشەپێدانی کەرتی پەروەردەدا کرد و گوتیشی: وەک چۆن لە ڕابردوودا بینیمان سەرمایەدارێک لە زاخۆوە قوتابخانەی لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی دروست کرد و پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەی کرد، ئەمڕۆش دەبینین پاش ئەو موبادەرەیەی کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 21/9/2019 لە کاتی لێدانی زەنگی خوێندن داوای کرد لەپاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا سەرمایەدارانیش ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و چەند مانگێک پێشتر لە سلێمانییش وەڵامدەرەوەیەکی ئیجابی بووە بۆ ئەو هەڵمەتەی کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە و لەوێش بەردی بناغە قوتابخانەیەکی ١٢ پۆلیی داناوە.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند کە زیاتر لە ٨٠٠ قوتابیی دانیشتوانی گوندی کۆری لەو قوتابخانەیە سوودمەند دەبن کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی دانرا.
ئالان حەمەسەعید دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکان بەردەوام دەبێت لەسەر گەشەپێدانی کەرەتی پەروەردە و فراوانی و گەشەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی.




