زێباری: داعش ھەندێ ناوچەی کردووەتە سەربازگە

لە چەند ناوچەیەکی عێراق چەکدارانی داعش دەرفەتیان لە بۆشاییی ئەمنی وەرگرتووە بۆ جووڵەکردن و ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، داعش ھەندێ ناوچەی کردووەتە سەربازگە و پێویستە بۆشاییی ئەمنی پڕ بکرێتەوە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش کۆتاییی نەھاتووە، بەڵام شوێنی مانەوەیان زۆر نەماوە، بەداخەوە ھەندێ ناوچەی سوننەنشین بووەتە ھێلانەی چەکدارانی داعش و تێیدا گەشە دەکەن و چالاکیی سەربازییان ھەیە، واتە دەرفەت بۆ داعش پەیدا بووە لە ھەندێ ناوچەی عێراق کە تێدا مەشق و ڕاھێنان بکەن و لە ڕووی ماددییەوە ھاوکاری کۆ بکەنەوە و خەریکی خۆبەھێزکردنن.''
ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم دەشڵێت: "چەند ھۆکارێک ھەن بۆ ئەوەی داعش بەھێز بێتەوە؛ یەک لە ھۆکارەكان ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی و نەبوونی ھێزی پێشمەرگەیە لە ھەندێ لەو ناوچانە.''
بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەگەڵ بەغدا ئێمە خەریکی ئامادەکردنی دوو لیوای سەربازین بۆ ئەو ناوچانە، بێگومان ئەو دوو لیوایە ناتوانن ئەو ھەموو بۆشاییی ئەمنییە پڕ بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییان دەبێت لە کێوماڵکردنی ناوچەکە و دەرکردنی ھێزی گەڕۆک بۆ لەناوبردنی داعش، بەڵام پێویستە ھێزێک لەو سنوورە جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ چەکدارانی داعش نەمێنێت.''
قائید میرۆ




