٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: بەبازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەی داعش پووچەڵدەكەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.onfo- دوای هێرشی ئه‌مشه‌وی تیرۆرستانی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری پردێ، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌، له‌و هێرشه‌ ترسنۆكانەی تاریكپەرستاندا 2 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون.

هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌:

ئەمشەو 30 ی ئۆکتۆبەری 2021 لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریكپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی لیوای 10ی پیادە، لەسنووری شارۆچكەی پردێ، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 10ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر) شەهید بوون.

پرسە و سەره‌خۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ خانەوادە و هاوسەنگەرانی دووپاتدەكەینەوە.

بەخەڵكی كوردستان رادەگەیێنین، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان.

لەكاتێكدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بەبازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش.

 

نەمری بۆ شەهیدان

سەربەرزی بۆ خانەوادەكانیان

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان

30ی10ی2021

هەواڵی پەیوەندیدار