د. مەحموود عوسمان: لایەنە عێراقییەکان دەگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی حکوومەت
__2021_10_25_h17m28s21__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- ھەرچەندە ھەندێ لایەنی شیعە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە، بەڵام سیاسەتمەدارێکی کورد پێی وایە، دواجار لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەھۆی پەرتەوازەییی لایەنە شیعەکانەوە ئاڵۆزە، بەڵام دواجار دەگەنە ڕێککەوتن و حکوومەت پێک دێت، چونکە ئەمریکا لەسەر خەتە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرەڕای ھەندێ ڕێکاریش کە دەبووایە پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بیگرنە بەر؛ وەک سەرژمێریی گشتی.''
سیاسەتمەدارەکەی کورد پێی وایە، ھەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق سەرەڕای ئەو کێشانەی ھەیبوو تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە و دەشڵێت: "لایەنە ناڕازییەکانیش ڕازی دەبن بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن مەحاڵە.''
لەبارەی کوردیشەوە، د. مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: "ھێشتا دیار نییە کورد لەگەڵ کێ ڕێک کەوتووە، یان دەگاتە ڕێککەوتن، بەڵام کورد پشکی خۆی دەوێت و ھەیەتی لە عێراقدا، ھەموو لایەنە عێراقییەکان بۆ کورد وەک یەکن و یەک بۆچوونیان بەرانبەر بە کورد ھەیە، کام لایەن حکوومەت پێک بێنێت، بۆ کورد کێشە نییە.''
قائید میرۆ




