٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت خزمەتگوزاری پێشکەشی قەزای مەخموور بکات

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور -KDP.info- قایمقامی قەزای مەخموور گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت کێشەکانی سنووری مەخموور لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە چارەسەر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی ڕەوانەی سنووری مەخموور کردبوو و داواکارییەکانمان پێشکەش کردن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.

ڕزگار مستەفا، قایمقامی قەزای مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تیمێکی ئیدارەی پارێزگای ھەولێر سەردانی مەخمووریان کرد کە لە جێگری پارێزگار و چوار بەڕێوەبەری گشتی پێک هاتبوو و بەتایبەت بۆ ناحیەی قەراج ھاتبوون و لەگەڵ کورد و عەرەبیش دانیشتن، بۆ ئەوەی بزانن داواکاریی ناوچەکە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە چییە و ئەوانیش داواکاریی خۆیان پێشکەش کرد کە بریتی بوو لە دروستکردنی ڕێگاوبان و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و نۆژەنکردنەوەی بنکەکانی تەندروستی و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کێشەی کارەبا بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن.''

ڕزگار مستەفا گوتیشی: ''ھەر پڕۆژەیەکی پێویستە ئامادەمان کرد و پێشکەشی ئەوانمان کرد بۆ ئەوەی خەمڵاندنی بۆ بکرێت و ئەوەی لە توانای پارێزگادا بێت لە ڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێ بکرێت.''

مستەفا ڕوونیشی کردەوە: ''دوای ئەوەی کەشف بۆ پڕۆژەکان دەکرێت، ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن، چونکە کێشەی زۆرمان ھەیە لە بواری ئاو و کارەبا و شارەوانییەکان و، لەبەر ئەوەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەکوو پێویست خزمەتی نەکراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت کێشەی مەخموور چارەسەر بکرێت.''

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار