بە نزیکەی ٢٥ ملیار دینار لە سنووری ئاکرێ پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت

ئاکرێ -KDP.info- قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی، بە نزیکەی ٢٥ ملیار دینار لە سنووری ئاکرێ پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێت کە بەشێکی زۆریان جێبەجێ کراوو و ٧٠%یان تەواو بووە.
مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرجەم ئەو پڕۆژانەی بەردی بناغەیان بۆ دانراوە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاریان تێدا دەکرێت و ٧٠%یان جێبەجێ کراون و، پڕۆژەیەکی ئاویش کە ١٥ ملیاری بۆ تەرخان کراوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، چونکە لیژنەیەکی بۆ پێک هێنراوە و ھەندێک کاری تەکنیکی دەوێت.''
قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتیشی: ''کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە ھەبوون، وەک پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەی باکورمان و ڕێگای ساڵەیی بۆ گویژکێ و ڕێگای گردەسین و ڕێگای سەربڕخانە لەناو ئاکرێ و ڕێگای مەمەندۆک و ڕێگای ناوکەلاتی و ھەردوو پردی گەلی زنتا و دروستکردنی ڕێگای گویسکێ و ڕێگای قەندیل و ڕێگای گوندەکانی نەھلە کە مەسیحین و، کۆمەڵێک پڕۆژە کە بە گوژمەی شەش ملیار و٥٠٠ ملیۆن دینار بوون.''
مازن محەمەد ئەوەشی گوت: ''سێ ملیار زیاتر بۆ دروستکردنی ڕێگای کانی تۆز تەرخان کراوە و ئەویش ھێشتا دەستی پێ نەکردووە، بۆیە پڕۆژەی باش بۆ ئاکرێ جێبەجێ کراوە.''
بڵند ئیبراھیم




