دوو پێشانگای بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، دۆخی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان زۆر باش بووە و چەند شاندێک بەشدارییان لە چەند پێشانگایەکی دەرەوەی وڵاتدا کردووە و بڕیارە دوو پێشانگاش لە ھەولێر و سلێمانی بکرێتەوە و شاندی وڵاتانی بەشدارییان تێدا بکەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، ئەسکەندەر محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی ھەڵبژاردن تەواو بوو، کۆمەڵێک شاندی بازرگانیی ئێمە ڕۆیشتوون بۆ تورکیا و ئەوانیش دێن بۆ ھەرێمی کوردستان و بڕیارە دوو کۆنفرانسی بازرگانیش لە ھەولێر و سلێمانی بەڕێوە بچێت.''
ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: ''ئەمساڵ جموجۆڵی بازرگانی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زۆر باشترە و ئێستا پێشانگای نوێ دەکرێنەوە، لە وڵاتانیش شاندەکانی ھەرێم بەشدارن و سەردانیان دەکەن و بڕیارە شاندی وڵاتانیش بێن لە پێشانگا بازرگانییەکانی ھەرێمدا بەشداری بکەن.''
گوتیشی: ''بڕیارە شاندە بازرگانییەکان بێنە ھەرێمی کوردستان و دیداری ئابوورییان لەگەڵ ساز بکەین بۆ ئەوەی کاری زیاتری بازرگانی بکرێت.''
محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ''بەھۆی کەمبوونەوەی کاریگەریی کۆرۆناوە جارێکی دیکە ھاتن و چوونی شاند لە ھەرێمەوە بۆ وڵاتان و بەپێچەوانەوە بەردەوامە، ئەمەش وا دەکات دۆخی بازرگانی باشتر بێت.''
بڵند ئیبراھیم




