ھیوا گەیلانی: لەبەر كۆمەڵێك ھۆكار ناسكە عەبدوڵڵا دەردهچێت

رانیە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رانیە رایگەیاند، گەشبینین و دڵنیاین لەم ھەڵبژاردنە دەنگمان زیاد دەكات. پێشی وایە، دەنگی سنوورەكەیان بەقەدەر گەورەیی پارتی و خەبات و قوربانیدانی خەڵكی ئەو دەڤەرە دەبێت بۆ پارتی.
ھیوا گەیلانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بانگەشەكردن لە سنووری بازنەی ٤ بەردەوامە، كە قەزاكانی دوكان، ڕانیە و قەڵادزێ دەگرێتەوە، لەو ڕۆژانە ھەڵمەتی دەرگا بە دەرگامان دەست پێكرد بۆ ھەموو ماڵەكانی سنوورمان، لەلایەن خەڵك و لایەنەكانی تر لە ئاستێكی زۆر باشدا پێشوازییەكی گەرممان لێ دەكرێت، كە بەوپەڕی ڕێزەوە پەیام و كارتی كاندیدی ئێمەیان وەرگرتووە، ناشیشارینەوە بە سەدان ئەندام و لایەنگری ھەموو حیزب و بێلایەنەكان ھاتوونەتە ناو ریزەكانی پارتی و فەرماندەی سەربازی، كەسایەتیی ناسراوی تێدا بووە، بۆیە دڵنیاین دەنگمان زیاد دەكات بە بەراورد بە ھەڵبژاردنی پێشتر".
گەیلانی جەختیش دەكاتەوە، كە گەشبینن لە دەرچوونی كاندیدەكەیان و ململانێیەكە توندە لەو بازنەیە، بەڵام وەك خۆی گوتی، ئومێدیان ھەیە كە ناسكە عەبدوڵڵا دەرچێت، بۆیە ناوبراو ڕووی دەنگی لە خەڵكی دەڤەرەكەی دەكات و دەڵێت، لە ڕاستیدا ئێمە ڕووی دەنگمان لە ھەموو خەڵك كردووە تەنھا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی نا، لەم ھەڵبژاردنەدا دەبێت دەنگی سنوورمان بە قەدەر گەورەیی پارتی و خەبات و قوربانیدانی خەڵكی ئەو دەڤەرە بێت بۆ پارتی.
ھاوكات بەرپرسی لقی ١١ی پارتی، داوایەك ئاراستەی دەڤەری خۆشناوەتی و مەرگە و پشدەر و بیتوێن دەكات و دەڵێت، ئێوە خاوەنی ھەر بیروڕایەكی سیاسی، ئایدیایەك و دەنگ و ڕەنگێك بن، لای ئێمە ڕێزلێگیراون، بەڵام پێویستە لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگ بە كاندیدەكەمان بدەن، ئەمەش لەبەر كۆمەڵێك ھۆكارە كە ئێمە لە ئێش و ئازاری خەڵكی ئەم دەڤەرە تێدەگەین دەزانین بە پێی پێویست خزمەتیان نەكراوە، دەمانەوێ دەرفەت بە ئێمە بدرێت تاوەكو خزمەتیان بكەین، ھەروەھا كاندیدەكانی پارتی لەھەر شوێنێك متمانەیان ھەبووبێت لە ئاستی متمانەی خەڵكی بوونەو نوێنەرایەتییان كردوونە. بۆیە داوایان لێدەكەین دەنگ بدەنە كاندیدی حیزبێك كە حیزبێكی بەھێز بێت و ڕابردوو و ئێستا و ئایندەشی ھەبێت.
ھەڵكەوت محەمەد




