٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی مووسڵ بۆ KDP: ئەم هەفتەیە پارتی ده‌گەڕێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- بڕیارە ئەم هەفتەیە پارتی بگەڕێتەوە شاری مووسڵ و یەكەم بارەگای خۆی لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر لەنێو شاری مووسڵ بكاتەوە، بەرپرسی لقی پارتیش لە مووسڵ پێی وایە، سەرەڕای ئاستەنگەكان، دەنگی پارتی لە مووسڵ زیاد دەكات.

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە پارێزگای مووسڵ پێشوازییەكی زۆر باش لە بانگەشەی پارتی دەكرێت، ئەمەش بۆ ھەڵویستی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، كە دوای ساڵی ٢٠١٤ سەرۆك بارزانی بڕیاری دا پێشوازی لە ئاوارەكانی شەڕی داعش بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی بكرێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر خەڵكی مووسڵ ھەبووە".

بەرپرسەكەی پارتی دەشڵێت: "ئەم هەفتەیە پارتی دەگەڕێتەوە نێو شاری مووسڵ و بارەگای پارتی لە مووسڵ دەكرێتەوە و بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لەنێو مووسڵ بەڕێوە دەچێت".

گوتیشی: "سەرەڕای فشاری ھەندێ لایەن لە سنووری مووسڵ، بەڵام ئەوانە نابنە ئاستەنگ لە بەردەم بانگەشەی پارتی و پێشبینی دەكەین دەنگی پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات، پارتی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خزمەتی خەڵكی دەشتی مووسڵیان كردووە و پێم وابێت پاداشتی ئەو خەڵكەش دەنگدان دەبێت بە پارتی دیموكراتی كوردستان".

عەلی خەلیل روونیشی كردەوە: "رۆژانە ئێمە لەنێو چین و توێژەكانی پارێزگای مووسڵین و لەو بڕوایەداین لە رۆژی دەنگداندا دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دەدەن، چونكە خەڵكی مووسڵ دەبینین چ پارەیەك لە بەغداوە بۆ مووسڵ خەرج دەكرێت و كەمترین خزمەتگوزاریش پێشكەش بە خەڵكی مووسڵ دەكرێت، ئەوان تەمەننا دەكەن كورد و بەربژێرانی پارتی بچنە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر خزمەتیان بكەن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار