به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت سه‌رتایه‌کى نوێ له‌گه‌ڵ کورد دەست پێ بکات

مامۆستایه‌کى زانکۆ به گرنگییه‌وه باس له په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت، ئێستا به‌راورد به ڕابردوو ئاستى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌رێمى کوردستان له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا هه‌نگاوى باشى ناوه و ئەوەش بەلاى به‌ریتانیاوە گرنگه و به‌پێویستى ده‌زانێت هه‌رێمى کوردستان وەک کیانێکى ده‌ستوورى له چوارچێوه‌ى عێراقدا به‌هێز بێت، چونکه پێگه‌ى جوگرافیى هه‌رێم له ڕوانگەی به‌ریتانیادا پێگه‌یه‌کى ئارام و گرنگه.
د. عومه‌ر ڕه‌نگێنه‌یى، مامۆستاى زانکۆى سلێمانى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "مێژووى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان کوردستان و به‌ریتانیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 1991 و به‌دیاریکراوى کە بڕیارى 688یان ده‌رکرد، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌کى گرنگ بوو بۆ ئه‌وه‌ى کورد په‌یوه‌ندییه‌کى دۆستانه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ڕێک بخات، له‌و کاته‌شه‌وه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا هەر به‌رده‌وام بووه. بوون و پاڵپشتیى وڵاتێکى زلهێز و خاوه‌ن نفووزى سیاسى وەک به‌ریتانیا و هاتنى یه‌کێک له به‌رپرسه باڵاکانى ئه‌و وڵاته و بانگهێشتى فه‌رمیى سه‌رۆکى هه‌رێمی کوردستان بۆ سەردانی بەریتانیا و کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیرانی ئەو وڵاتە، ده‌رخه‌رى ئه‌و په‌یامەیە که به‌ریتانیا له‌وه تێ گه‌شتووه و ده‌یه‌وێت هه‌ر ساردییه‌ک له په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەواندا هه‌بووبێت کۆتایى پێ بهێنێت و سه‌رتایه‌کى نوێ ده‌ست پێ بکات. به‌ریتانیا ده‌زانێت ئێستا له هه‌رکاتێکى دیکه زیاتر دیپلۆماسیه‌تى کورد له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵەتى به‌هێز و حساب بۆکراوه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌کانییەوە.''
ڕه‌نگێنه‌یى گوتیشى: "به‌ریتانیا کوردستانى پێ گرنگه و ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌شه ئارامه‌ى که هەرێمی کوردستان له ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌تى، وه‌ک خۆى بمێنێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نابێت لەبیرمان بچێت کە به‌ریتانیا دۆستى هیچ که‌س نییه و ئه‌وه‌ى نه‌خشه‌ڕێژى سیاسه‌تى ئه‌م وڵاته‌ى کردووه لە ئێستا و ڕابردوودا ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى بووه".
ئه‌و مامۆستایه‌ى زانکۆ ڕوونیشى کرده‌وه: ''ئه‌وەی ئێستا ڕوو ده‌دات له لایه‌کى دیکه‌وه ده‌رخه‌رى سه‌رکه‌وتووییى سه‌رۆک بارزانى و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه، دیپلۆماسیه‌تى سه‌رکردایه‌تیى کورد له ڕابردوودا زۆر هاوکێشه‌ى ناوچه‌کەی گۆڕى، بۆیه ئه‌م گرنگیدانه‌ى ئێستاى به‌ریتانیاش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دایە و، دۆستایه‌تیى به‌ریتانیا بۆ ئێمه گرنگه و وا ده‌کات کاریگه‌رى له‌سه‌ر گۆڕینى سیاسه‌تى وڵاتانى دیکه‌ش هه‌بێت به‌رانبه‌رمان، چونکه بمانه‌وێت و نەمانه‌وێت به‌ریتانیا خۆى به خاوه‌نى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌زانێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا گرنگه به‌زیندووییهێشتنه‌وه‌ى به‌رده‌وامى ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌یه بۆ داهاتوو که بێگومان ئه‌مه‌ش پێویستى به سیاسه‌تێکى ورد و حه‌کیمانه هه‌یه و ده‌بێت سه‌رکردایه‌تیى کورد له خه‌مى ئه‌وه‌دا بێت".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




