خه‌سرۆ گۆران: په‌یامم بۆ خه‌ڵكى خۆمان ئه‌وه‌یه له شه‌ڕى سیاسی‌دا ده‌نگمان پێویسته

ئاكرێ-KDP.info- كاندیدێكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له بازنه‌ى 3ى پارێزگاى دهۆك ده‌ڵێ، كار بۆ جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140و به‌ده‌ستهێنانى شایسته داراییه‌كانى كوردستان و موسته‌حه‌قاتى پێشمه‌رگه و بابه‌تى نه‌وت و گاز و ته‌واوى مافه‌كانى كورد له‌به‌غدا ده‌كه‌ین.
خه‌سرۆ گۆران، كاندیدى ژماره 24ى پارتى له بازنه‌ى 3ى سنوورى (ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش و شێخان)ی پارێزگاى دهۆك، بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان گوتی: "به‌رنامه‌ى ئێمه كارنامه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانه، له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌وه‌ى له توانا‌مان دابێت جێبه‌جێى بكه‌ین و ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانمان بۆ هه‌ندێكیانه له‌وانه ئه‌و مادده ده‌ستووریانه‌ى كه تاوه‌كو ئێستا جێبه‌جێنه‌كراون، كار ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنیان له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه مادده‌ى 140 و شایسته داراییه‌كانى كوردستان و موسته‌حه‌قاتى پێشمه‌رگه و بابه‌تى نه‌وت و گاز و ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى و پشكى هه‌رێمى كوردستان له بودجه له په‌رله‌مانى عێراق".
گۆران زیاتر گوتى، " پرسه فیدڕاڵیه‌كان له‌وانه ماف و شایسته‌ى جووتیاران و سایلۆكان كه هه‌موویان له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراقه، هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نى فیدڕاڵى كه دروستنه‌كراوه و دروستكردنى زۆر گرنگه و كارى بۆ ده‌كه‌ین، چونكه بۆ ئێمه‌ى كورد گرنگه و هه‌وڵده‌ده‌ین مافى كوردستان نه‌خورێت چ مافێكى هه‌یه به‌ده‌ستی بێنین ".
خه‌سرۆ گۆران گوتیشى، "یه‌ك پره‌نسیپمان هه‌یه كه ده‌چینه به‌غدا ئه‌ویش ( شه‌راكه‌ت و ته‌وافووق و ته‌وازنه ) چونكه له‌شه‌راكه‌ت به رێژه‌ى كورسى نیه ئێمه ده‌چینه به‌غدا، كورد نه‌ته‌وه‌ى دووه‌مه له عێراق و شه‌ریكى سه‌ره‌كى پرۆسه‌ى سیاسین له‌و وڵاته، بۆ ته‌وافووقیش هه‌ندێك پرس هه‌یه به زۆرینه‌و كه‌مینه‌ى ده‌نگدان نابێت تێپه‌رێت له په‌رله‌مان به‌ڵكو ده‌بێت ته‌وافووقى پێشوه‌خته‌ى له‌سه‌رهه‌بێت، بۆ ته‌وازوونیش ده‌بێت موراعاتى پێكهاته‌كان و دابه‌شكردنى پۆسته‌كان به‌پێى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردن بێت نه هه‌موو پۆسته‌كان بۆ شیعه یان حیزبێك بێت ده‌بێ پشكى كوردیش هه‌بێت له ته‌واوى پۆسته‌كان ".
له‌په‌یامێكیشى بۆ ده‌نگده‌ران، خه‌سرۆ گۆران باسى له‌و مه‌ترسیه كرد كه بۆ ئه‌مجاره له سیسته‌مى هه‌ڵبژاردن هه‌یه و گوتى، "جارى پێشوو ئه‌گه‌ر من ده‌رنه‌چووبام كه‌سێكى تر له‌نێو لیستى پارتى ده‌رده‌چوو كێشه نه‌بوو به‌ڵام بۆ ئه‌مجاره ئه‌گه‌ر كاندیدێكى پارتى ده‌رنه‌چێت له‌وانه‌یه له‌شوێنێكى تر یه‌كێكى تر‌ى پارتى ده‌رنه‌چێت و كه‌سێكى تر‌ى حیزبى تر ده‌ربچێت بۆیه ده‌بێت ئه‌و دابه‌شكارییه‌ى حیزب دایناوه له‌به‌رچاو بگیرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو كاندیدانى پارتى ده‌ربچن، بۆیه په‌یامم بۆ خه‌ڵكى خۆشه‌ویستى خۆمان ئه‌وه‌یه كه زۆرترینیان به‌شدارى بكه‌ن له هه‌ڵبژاردن چونكه ده‌نگێك بۆ ئێمه زۆره، پێشمه‌رگه چۆن له شه‌ڕ فیشه‌كى پێویسته له‌شه‌ڕى سیاسیش وه‌كو پارتى ده‌نگمان پێویسته چه‌نده ده‌نگمان زۆرتر بێت كورسیمان زیاتر ده‌بێت و پێگه‌مان به‌هێزتر ده‌بێت، بۆیه پارتى چوارساڵ جارێك پێوستى به ده‌نگى ئێمه‌یه ده‌بێت ئێمه‌ش به وه‌فابین له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ى خۆمان".
نه‌شوان به‌رزنجى




