"کاندیدی پارتی لە گەرمیان خاوەنی ٤٣ شەھیدە"

کاندیدی ژمارە ٢٤ی بازنەی پێنجی سلێمانی، کاندیدی پارتییە بۆ دەڤەری گەرمیان و دەڵێت، لە قوتابخانەی بارزانی نەمر پەروەردە کراوین و ئەندام و کادیر و کاندیدانی پارتی لە ھەرشوێنێک بن بەرگری سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کوردستانن.
شوان محەمەد ڕۆستەم، کاندیدی ژمارە ٢٤ لە بازنەی پێنجی سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی تەنیا یەک کاندیدی لە بازنەی پێنجی سلێمانی ھەیە، ئەویش بەندەیە کە سنووری گەرمیان؛ چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کەلار و کفری لەخۆ دەگرێت، ئێمە وەک پارتی لە سنووری گەرمیان پلان و ستراتیژیی خۆمان ئامادە کردووە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، دوای بڕیاری لیژنەی باڵای پارتیمان بۆ دەستپێکردنی بانگەشە، لە گەرمیانیش پارتی دەستی بە بانگەشە کردووە.''
ئەو کاندیدەی پارتی گوتیشی: "ئێمە بە باوەڕبووون بە خەڵکی خاوەن بیر و باوەڕی بەھێزی پارتی ئومێدمان ھەیە و پلانیشمان داناوە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکەین، خەڵکی گەرمیانیش خەڵکی قوربانیدەری وڵاتەکەمانن و چۆن پارتی لە ڕابردوودا پاڵپشت و ھاوکاری گەرمیان و گەرمیانییەکان بووە، لە داھاتووشدا بە ھێزێکی زیاترەوە دەچینە گەرمیان.''
شوان محەمەد ڕۆستەم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو کادیر و ئەندامانی پارتی داکۆکاری سەرسەختی مافە نەتەوەیییەکانی خەڵکی کوردستانن، بابەتی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە سەرووی ھەموو پرسێکی دیکەوەیە لەلای کاندیدانی پارتیمان، چونکە ئێمە پەروەردەی قوتابخانەیەکین کە قوتابخانەی بارزانی نەمرە، ھەر پارتییەک لێرە و لە بەغدا بێت داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات.''
من لە خانەوەدایەکی قوربانیدەری گەرمیانم و تەنیا لە خاوادەی ئێمەدا ٤٣ شەھیدمان ھەیە، لە نێویاندا برا و پێنج مامم شەھیدە، ھەروەھا پێنج خێزانی مامم بە ھەموو ئەندامانییەوە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، لەبەر ئەوەش، بابەتی ئەنفال لای من تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و ئەگەر سەر کەوم لە خولی داھاتووی پەرلەماندا کاری جددیی لەسەر دەکەم، بەتایبەتی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.''
قائید میرۆ




