خدر مەنتک: خەڵکی شایەدی خەبات و قوربانیدانی پارتین

هەولێر -KDP.info- لە دەوروبەری ھەولێر پارتی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و کاندیدی ژمارە ٢٠ی بازنەی دووی ھەولێریش دەڵێت، خەڵکی شایەدی خەبات و قوربانیدانی پارتین، لەبەر ئەوەش ئێمە وەک کاندیدی پارتی ئومێدمان بە دەنگدەری خۆمان ھەیە بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن.
خدر مەنتک، کاندیدی ژمارە ٢٠ی بازنەی ٢ی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پارتیمان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق، ئێمەش وەک کاندیدانی پارتی دەستمان بە بانگەشە کردووە، بەتایبەتی ئەوەی کە سنووری ئێمەیە، واتا دەشتی ھەولێر و قەزاکانی خەبات و کۆیە و دەشتی ھەولێر دەگرێتەوە، لە سنووری ئەو سێ قەزایە ئێمە ڕۆژانە لەنێو جەماوەرین بۆ گەیاندنی پەیامی پارتی و پلانی خۆمان بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق.''
کاندیدی ژمارە ٢٠ لە بازنەی ٢ی ھەولێر گوتیشی: "لە سنووری ئەو سێ قەزایەی بازنەی ٢ی ھەڵبژاردن لە ھەولێر، پارتی پێگەیەکی بەھێزی جەماوەریی ھەیە و چاوەڕێ دەکەین بە ڕێژەیەکی زۆر دەنگدەران بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکەن، چونکە پەرلەمانی عێراق بۆ ئێمە، وەک کورد، گرینگە، بەتایبەتی لە ڕابردوودا دەرکەوتووە پارتی لە ھەرشوێنێک ئەوەندەی بەھێز بێت، ئەوەندەش دەتوانێت بەرگری لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکات.''
خدر مەنتک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خەڵکی ھەرێمی کوردستان شایەدی بۆ خەبات و قوربانیدانی پارتی دەدەن لەپێناو پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و شایستە دەستووری و یاسایییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەوەی کە پارتی لە ڕابردوودا چۆن خەباتی کردووە و ھەوڵی بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستانی داوە. ئێمە، وەک پارتی و کاندیدانی پارتی، ئەگەر ھیچیش نەڵێین لەسەر بەرنامە و کارنامەی خۆمان، ئەوە ھاووڵاتییانی کوردستان خۆیان دەزانن و دەبینن پارتی چیی کردووە و سەرکەوتنی پارتی زامنی پاراستنی ھەموو ئەو دەستکەوتانەیە کە لە سایەی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدەست ھاتوون.''
خدر عەلی سادق، ناسراو بە خدر مەنتک، برای شەھیدە و کارگێڕی لقی ١٦ی پارتییە لە ھەولێر، ئێستا کاندیدی ژمارە ٢٠ لەسەر لیستی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە بازنەی دووی ھەولێرە.
قائید میرۆ




