کوێستان محەمەد: بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی شاندێکی باڵا دەچێتە ئێران

ڕۆژی پێنجشەممەی داھاتوو سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوێندی یاسایی دەخوات و شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بەشداریی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران دەکات.
کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داھاتوو ئیبراھیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ھەڵبژێردراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوێندی یاسایی بخوات و شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستانیش بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکات.''
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: "شاندەکە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و چوار وەزیری حکوومەت بەشداریی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران دەکات.''
لەبارەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و ئێران، کوێستان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە ھیوادارین پێوەندیی باشترمان ھەبێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی دوای دەستبەکاربوونی ئیبراھیم ڕەئیسی لە پۆستی سەرۆککۆماریی ئێران، چونکە ئێمە وڵاتی دراوسێی یەکین و پێویستمان بە پەیوەندی ھەیە.''
قائید میرۆ




