٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەھیم عەبدوڵڵا: جارێکی دیکە کار بۆ گێڕانەوەی پارەی خزمەتگوزاری دەکەین لە پاشەکەوت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەستبەرداری پڕۆژەکەیان نەبوونە بۆ ئەوەی حکوومەت پارەی خزمەتگوزاری لە پاشەکەوتی مووچە بگێڕێتەوە و، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆکیش دەڵێ، بڕیارە جارێکی دیکە بە نووسراوی فەرمیی داوای جێ بەجێکردنی پێشنیاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەین.

فەھیم عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پێشتر ھەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگا لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیارێکیان دابووە حکوومەت بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی وەک کرێ و بەرانبەر ھەندێ خزمەتگوزاری لە ھاووڵاتیان وەردەگرێت، وەک پارەی ئاو و کارەبا و ھەندێ خزمەتگوزاری دیکە، لە پاشەکەوتی مووچە بگێڕنەوە، بەڵام دیارە ئەوکات رەوشی دارایی حکوومەت گونجاو نەبوو تا پێشنیارەکەی ئێمە جێبەجێبکرێت، رەتکرایەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک گوتی: "ئێمە وەک ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەست بەرداری داواکاریەکەمان نەبووینە و، بڕیارە دووبارە بە نووسراوی فەرمیی داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بکەین ئەو پێشنیارە پەسەند بکات".

فەھیم عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەگەر حکوومەت بەو پێشنیارەی ئێمە رازی بێت، ئەوە ھاوکارییەکی باشی ھاووڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە، چونکە پارەیەکی زۆری ھاووڵاتیان وەک پاشەکەوت لای حکوومەتە و، دەکرێ بەو پێشنیارە، ھەم پاشەکەوت بدرێتەوە، ھەمیش لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ ئەوە بە پارەی پاشەکەوت کرێی ھەندێ خزمەتگوزاری بدەنە حکوومەت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار