پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه خاڵى جه‌وهه‌ریى په‌یوه‌ندییه‌کانى ئه‌مەریکا و کوردستانه

سه‌رۆکى ئەنستیتۆى توێژینه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکى- کوردى ده‌ڵێت، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى ناوچه‌که له ئاستێکى زۆر به‌رزدایه، ئه‌مه‌ریکا ڕێز له پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌گرێت، چونکه جوگرافیاى هه‌رێمى کوردستان له‌چاوى ئه‌مه‌ریکادا لانکه‌ى پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ی نێوان پێکهاته جیاوازه‌کانە و ده‌شڵێت: "له ساڵى 2022 ئه‌مه‌ریکا گه‌ورەترین کونسووڵخانه‌ى خۆى له هه‌ولێرى پایته‌خت ده‌کاته‌وه".
کاروخ خۆشناو، سه‌رۆکى ئەنستیتۆى توێژینه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکى-کوردى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر تۆزێک بگه‌ڕێینه دواوه ده‌بینن په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان کورد و ئه‌مه‌ریکا ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌کى مێژووییى هه‌یه، ساڵى 1991 ئه‌وه ئه‌مه‌ریکایه به‌تایبه‌ت له‌دواى ده‌رچوونى بڕیارى 688 پشتگیریى دۆزى گه‌ل و قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات، له دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عسیش خودى ئه‌مه‌ریکا ڕۆڵى گه‌روه‌ى هه‌بووه له نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى 2005ی عێراق و چه‌سپاندنى به‌شێک له مافه‌کانى کوردستان له‌م ده‌ستووره‌دا. سیاسه‌تى ئیداره‌کانى پێشووى ئه‌مه‌ریکا و ئیداره‌ى ئێستاى بایدنیش زیاتر به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا که جوگرافیا و پێگه‌ى هه‌رێم له ناوچه‌که به‌هێز بێت نه‌ک لاواز، چونکه ئه‌مه‌ریکا تێ گه‌یشتووه له‌وه‌ى که کوردستان پێگه‌یه‌کى گرنگه بۆ ئاشتى و سه‌قامگیرى له ناوچه‌که‌دا و ئه‌مه‌ى نه‌شاردووەته‌وه و به‌ڕوونى گوتوویه‌تى".
گوتیشی: ''په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مه‌ریکا ئێستا فره‌لایه‌نەیە و، له‌سه‌ر ئاستى دیپلۆماسى په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌و و باش لەگەڵ کونسووڵخانه‌ى ئه‌مه‌ریکا له هه‌ولێر هه‌یه و، نوێنه‌رایه‌تیى فه‌رمیى حکوومه‌تى هه‌رێمیش له ئه‌مه‌ریکا هه‌یه و، له‌سه‌ر ئاستى سه‌ربازى پێشمه‌رگه هاوپه‌یمانى ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى هاوپه‌یمانى دژى داعشه، ئێستا ئه‌مه‌ریکا ڕۆڵى هه‌یه له هاوکاریکرنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه و ڕاسته‌وخۆ مه‌شق و ڕاهێنان به‌م هێزانه ده‌کات و، له ڕ‌وى بازرگانییه‌وه ئێستا وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌دارن و کۆمپانیاکانى ئه‌مه‌ریکا وه‌ک هه‌ر وڵاتێکى دیکه له کوردستانن و ڕۆڵیان له‌بره‌ودانى ئابووریی هه‌رێمدا هه‌یه. له سه‌ر ئاستى خوێندنى باڵاش ده‌بینین ئێستا چه‌ندین قوتابیى کورد درێژه به خوێندنى باڵا ده‌ده‌ن له‌م وڵاته و پێشتر چه‌ندین قوتابى توانیویانه بڕوانامه‌ى به‌رز به‌ده‌ست بهێنن، بۆیه په‌یوه‌ندییه‌کان په‌یوه‌ندییه‌کى به‌رفراوان و هه‌مه‌لایه‌نەیە.''
سه‌باره‌ت بەوەی کە نزیکیى کوردستان له سیاسەته‌کانى ئه‌مه‌ریکا بۆ ئێستا و داهاتوو تا چه‌ند به سوود و قازانجى ئێمه ده‌شکێته‌وه، ئه‌و شاره‌زایه‌ى کاروبارى ئه‌مه‌ریکا ڕوونی کرده‌وه: "ڕاستییه‌ک هه‌یه که پێویسته بگوترێت، ئه‌مه‌ریکاش لێره نه‌بێت ئه‌م گرووپانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ئه‌وانه‌ى سه‌ر به ئێرانن، هه‌ر ئامانجیان و مه‌به‌ستیانە ئه‌و سه‌قامگیریه‌ى ئێستای کوردستان تێک بده‌ن و هێرشه‌کانى ڕابردوو و ئه‌مشه‌و باشترین نموونه‌ن له‌م ڕووەوە. ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌وه‌یه سه‌رکردایه‌تیى کورد به‌رده‌وام بێت له‌و سیاسەته میانڕه‌وییەی که گرتوویه‌تییه به‌ر بۆ مامه‌ڵەکردن له‌گه‌ڵ کۆى هێزه‌کان و هه‌رگیز نه‌بێته به‌شێک له‌و ململانێیانه‌ى که ئێستا له ناوچه‌که‌دا هه‌یه."
کاروخ خۆشناو ده‌شڵێت: "په‌یوه‌ندیى نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێران ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ریى له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانى ئه‌مه‌ریکا له عێراق و هه‌رێمى کوردستان هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئێستا ئه‌گه‌ر بێت و دانوستانه‌کانى ڤیه‌ننا کە له نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێران سه‌باره‌ت به به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌که‌ی ئێران به‌ڕێوه ده‌چێت، بگاته قۆناغى ڕێککه‌وتن و سه‌رکه‌وتوو بێت، ئه‌وا به‌لایه‌نى ئیجابى بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌شکێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م دانوستانه شکست بهێنێت و جارێکى دیکه ئه‌مه‌ریکا و ئێران بگه‌ڕێنه‌وه خاڵى سفر، ئه‌وا ئه‌وکات به‌دوور نازانرێت که ئێران دووبارە هه‌وڵى تێکدان و ئاڵۆزکردنى عێراق بدات، ئه‌مه‌ش بێگومان بێ کاریگه‌رى نابێت بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان".
ئه‌وەیشى خسته ڕوو: "شتێک که زۆر جێگه‌ى ستایش و گرنگیپێدانه له سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریکا به‌رانبه‌ر به ئێمه ئه‌و پێکه‌وه‌ژیانه‌یه که له نێوان ده‌نگ و ڕه‌نگ و پێکهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌کاندا هه‌یه و خاڵى قووه‌تى ئێمه‌یه به‌رانبه‌ر به ئه‌مه‌ریکا، بۆیه پێویسته زیاتر گرنگیى پێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و وێنایه‌ى که له‌م ڕووه‌وه هه‌یه، وه‌ک خۆى بمێنێته‌وه".
ئەرسەلان ئەحمەد




