عەمید دلێر نەجاڕ: گۆڕانکاری لە پۆلیسی ھەولێردا دەکرێت
__2021_06_21_h19m34s18__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- ماوەیەکە پڕۆسەی گۆڕانکاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر دەستی پێ کردووە و بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێریش دەڵێت، گۆڕانکارییەکە قەزا و ناحیەکانیش دەگرێتەوە و ئەوانەی ماون لە قۆناغی داھاتوودا گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.
عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گۆڕانکاری وەک بابەتێکی شارستانی و یەکێک لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە. ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەرتی پۆلیسدا کراون لەنێو سەنتەری شاری ھەولێر بووە، بڕیارە لە دەرەوەی شاری ھەولێریش گۆڕانکاری لە دەزگاکانی سەر بە پۆلیسدا بکرێت، واتە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر ھەموو گۆڕانکارییەک دەکرێت."
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر دەشڵێت: "ئەو گۆڕانکارییەی دەستی پێ کردووە بنکە و نووسینگەکانی سەر بە پۆلیسی پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە و، گۆڕانکارییەکە ئەو قەزا و ناحیانەش دەگرێتەوە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێرن."
عەمید دلێر نەجاڕ ڕوونی کردەوە: "گۆڕانکارییەکە بەردەوامە و تا ئێستا ژمارەیەک دەزگای سەر بە پۆلیسی گرتووەتەوە و ئەوانەیشی ماون لە قۆناغی داھاتوودا گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، چونکە ئەمە سیاسەت و پلانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە."
قائید میرۆ




