کۆمسیۆن کارتی کورت خایەنی دەنگدان دەکێشێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەپێی بڕیارێکی کۆمسیۆن کارتی کورت خایەن بۆ ئۆفیسی سەرەکی کۆمسیۆن دەکێشنەوە و بەپرسێکی ھەڵبژاردنەکانی پارتیش لە مووسڵ دەڵێ، دوای پێداچوونەوە بڕیاری نوێ لەبارەی کارتی کورت خایەن دەدرێت.
مەناف حەسەن، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە بە کشانەوەی کارتی کورت خایەنی دەنگدان و بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن ھەموو کارتەکانی کورت خایەن دەگوازرێنەوە بۆ ئۆفیسی سەرەکی و دوای پێداچوونەوە دووبارە کارتەکان دابەشی سەر دەنگدەران دەکرێت، چونکە کۆمسیۆن دەیەوێ ئەو کارتانەی دەنگدەرەکانیان لەژیاندا نەماون یانیش کێشەیان ھەیە لاببرێن.
بەرپرسەکەی پارتی لە مووسڵ گوتی، "ژمارەی ئەو کارتانەی پێی دەگوترێت کورت خایەن زۆرن، بەتایبەتی بۆ ئاوارە و خەڵکی مووسڵ دەرکراون، لەبەر ئەوەش پێویستە دوای گەڕانەوەی کارتەکان دەنگدەر خۆی سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکات بۆ وەرگرتنەوەی.
پەیوەست بە ئامادەکاریەکانیش مەناف حەسەن روونی کردەوە، "پارتی لە سنووری نەینەوا دەستی بە ئامادەکاری کردوە بۆ ھەڵبژاردنەکان بەپێی بڕیار و رێنمایەکانی کۆمسیۆن، ئێمە وەک پارتی لە پارێزگای نەینەوا خاوەن پێگەی جەماوەری خۆمانین و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو پشت بە ھێزی جەماوەری خۆمان دەبەستین.
قائید میرۆ




