٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساڵی ڕابردوو سێ ھەزار کرێکاری بیانی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاوی کرێکاری بیانی لە وڵاتانی جیھان بۆ کارکردن دێنە ھەرێمی کوردستان و بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییش دەڵێ، ھاتنی کرێکارانی بیانی کەمی کردووە و ساڵی ڕابردوو تەنیا سێ ھەزار کرێکار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.

د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی کار بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ کرێکارانی بیانی دەکات. لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێنمایی دەرکراوە کە ھیچ کرێکارێکی بیانی ناتوانێت بچێتە سەر کار ئەگەر مۆڵەتی کارکردنی نەبێت، بەپێی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردن بەو کرێکارانە نادرێت کە لە پڕۆژەکان کار دەکەن، چونکە دەرفەتی کارکردن سەرەتا بۆ خەڵکی خۆمانە."

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "ھاتنی کرێکاری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمی کردووە، ساڵی ٢٠١٨ شەش ھەزار کرێکاری بیانی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ساڵی ڕابردوو تەنیا سێ ھەزار کرێکار ھاتوون."

د. عارف حیتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەو سێ ھەزار کرێکارەی ساڵی ڕابردوو ھاتوونەتە ھەرێم تەنیا حەوت کرێکاریان کاری پڕۆژەکانیان کردووە، ئەوانی دیکە کاری ناوماڵ و ژینگەپارێزی دەکەن، ئەمەیش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە وەزارەتی کار کاروباری کۆمەڵایەتی پلانەکەی جێبەجێ کردووە بۆ ئەوەی خەڵکی خۆمان زیاتر کار بکەن."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار