"بەھۆی مەترسیی پەکەکەوە ٢٤ گوندی ئاکرێ چۆڵ کراون"

ئاکرێ-KDP.info- لە سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و ئامێدی چەکدارانی پەکەکە بنکە و بارەگایان لە گوندەکان جێگیر کردووە و ڕێگەش نادەن ھاووڵاتییان بگەڕێنەوە گوندەکانیان و ھاوکات فەرمانگەکانی حکوومەتیش ئەگەر بیانەوێت خزمەتگوزاری بگەیەننە ھەندێ ناوچەی سنووری، تووشی کۆسپیان دەکەن. بەرپرسانی حکوومەتیش پەکەکە بە چۆڵکردنی دەیان گوندی ئەو دوو قەزایە تۆمەتبار دەکەن.
مازن محەمەد، قایمقامی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ٢٤ گوندی سنووری قەزای ئاکرێ، ئەو گوندانە زیاتر دەکەونە سنووری ناحیەی دینارتە و بەھۆی ھەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە خەڵکی نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر گوندەکانیان و مەترسی لەسەر خەڵکی ئەو گوندانە ھەیە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان."
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت: "زۆر جار بەھۆی مەترسییەکانی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە ناوچەکە دەکرێتە ئامانج لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە و ساڵانی ڕابردوو قوربانیشی لێ کەوتووەتەوە، ئێمە سەرۆکایەتیی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانمان لە مەترسییەکانی پەکەکە ئاگادار کردووەتەوە، چونکە مەترسین بۆسەر خەڵکی خۆجێی ناوچەکە، پێش دوو ڕۆژیش ژمارەیەک چەکداری پەکەکە چوونەتە سەر گوندی میمبەر و ئاگریان لە خانووی ھاووڵاتییەک بەرداوە."
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدییش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە سنووری ئێمەیش نزیکەی ٢٠٠ گوند بەھۆی مەترسییەکانی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵکی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، ئەگەریش ھەندێ جار گوندنشینان بە شێوەیەکی کاتی بیانەوێت بچنەوە گوندەکانیان بە مەبەستی ڕەنێوهێنانی بەرھەمی کشتوکاڵی، چەکدارانی پەکەکە ڕێگرییان لێ دەکەن و ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە گوندەکانیان."
سەربەست سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕۆژانە شەڕ و ئاڵۆزی لە سنووری ئامێدی ھەیە لەبەر ئەوەی چەکدارانی پەکەکە خۆیان لەو ناوچەیە حەشار داوە و سوپای تورکیاش ھێرشیان بۆ دەھێنێت، چەندین گوندی دیکەش ھەن مەترسییان لەسەر پەیدا بووە، چونکە چەکدارانی پەکەکە خۆیان لە گوندە ئاوەدانەکانیش نزیک دەکەنەوە."
قائید میرۆ




