٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیاتر لە ٤٠ قوتابخانە لە ناوچە كوردستانییەكان داخراون

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info- بە ھۆی خراپیی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لە ڕووی ئەمنییەوە، مەترسی لەسەر خوێندنی كوردی ھەیە و بەپێی ئامارێكیش، زیاتر لە ٤٠ قوتابخانە داخراون.

رەسووڵ محەمەد ئەمین، بەڕێوبەری خوێندنی كوردی لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە ھۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان لە سنووری مەخموور، لە ناحیەی قەراج ٢٦ قوتابخانە داخراون و لە سنووری گوێڕیش ١٠قوتابخانە داخراون، ئێمە سەردانی ئەو شوێنانەمان كردووە و ھەموو پێداویستییەك ھەیە، بەڵام بە ھۆی مەترسیی داعشەوە ناتواندرێت ئەو قوتابخانە بكرێنەوە".

ناوبراو گوتیشی: "لە ئێستادا ٧٠ قوتابخانەمان ھەیە و حكوومەتی ھەرێم پێداویستیمان بۆ دابین دەكات و بەغداش ھیچ ناكات، ئێمە زۆر جار ھاوكارییان دەكەین لە ڕووی سووتەمەنی و پێداویستیی دیكەوە، ئەگەرنا ئەوان ھیچ ھاوكارییەكی ئێمە ناكەن".

لای خۆشیەوە، شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "حكوومەتی عێراق ھیچ ھاوكارییەكمان ناكات و بگرە دژایەتیمان دەكەن، بۆ ئەوەی خوێندنی كوردی لاواز بێت، ئەگەر نا ھەموو پێداویستییەك بۆ خوێندنی عەرەبی و توركمانی دابین دەكەن".

گوتیشی: "ئەوەی ھاوكاریی ئێمە دەكات، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە تەنھایە و سەرجەم پێداویستییەكانمان بۆ دابین دەكەن".

ھەر لەوبارەیەوە، بەرپرسی ناوچەی خوورماتووی پارتی، ئەرسەلان عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خوێندنی كوردی بەردەوام بەرەو لاوازبوون دەچێت بە ھۆی ئەو دۆخە نالەبارەی لە ناوچەكەدا ھەیە و ئێستا ٢٠ قوتابخانەی كوردی لە خورماتوو ھەن، كە مەترسییان لەسەرە، چونكە ساڵ بە ساڵ پۆلی یەك نامێنێت، ئەمەش وا دەكات لە داھاتوودا ئەوانیش دابخرێن، چونكە لە خانەقینیش چوار قوتابخانە داخراون".

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان زانیویەتی، جگە لەو ناوچانە، لە سنووری كەركووكیش لە قەزای داقووق سێ قوتابخانەی دیكە بە ھۆی خراپیی دۆخی ئەمنییەوە داخراون.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار