٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"میدیای ئەلیکترۆنی ڕێک دەخرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەی میدیای ئەلیکترۆنی دوای ڕەخنەیەکی زۆر ڕاگیرا و بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ھەولەکان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە و میدیای ئەلیکترۆنی ڕێک دەخرێت بە شێوەیەک سنوور بۆ ھەندێ میدیا دیاری بکرێت، بەڵام ئازادیی میدیا وەک خۆی دەمێنێتەوە.

موحسین دۆسکی، بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی میدیای ئەلیکترۆنی ساڵی ڕابردوو ئامادە کراوە، بەڵام بەھۆی ئەو ڕەخنانەی لە پڕۆژەکە ھەبوون، ڕاگیرابوو، ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی دەکرێتەوە و بە ھەمان ناوە، بەڵام ناوەڕۆکی گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، ژمارەیەک کۆنفرانس لەسەر ئەو بابەتە بەڕێوە دەچن و خەڵکی پسپۆڕ و شارەزا بەشداریی تێدا دەکەن تا پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکرێت."

بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری دەشڵێت: "یاسای ڕۆژنامەگەری ھەیە، بەڵام بەھۆی فراوانبوونی میدیای ئەلیکترۆنی، یاسای ڕۆژنامەگەری بەشی ئەوە ناکات بپەرژێتە سەر ھەندێ بابەتی وەک سۆشیالمیدیا و میدیای ئەلیکترۆنی بەگشتی، داوامان لە حکوومەتی ھەرێم کردووە، ئەنجومەنی باڵای میدیا دابمەزرێنێت و حکوومەت خۆی میدیای فەرمیی خۆی ھەبێت، وەک ھەموو وڵاتانی دیکە تۆڕی میدیای خۆی ھەبێت و ببێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، نەک ھەر کەناڵێکی حزبی بە ئارەزووی خۆی زانیاری و ھەواڵ بڵاو بکاتەوە."

موحسین دۆسکی ڕوونی کردەوە: "کۆنتڕۆڵکردنی میدیای ئەلیکترۆنی کارێکی قورسە لە ھەموو جیھان، ئێستا دوو بۆچوون ھەیە؛ یەکەم یاسای ڕۆژنامەگەری ھەموار بکرێتەوە و میدیای ئەلیکترۆنییشی تێدا بگونجێت، پێشنیارێکی دیکەش ئەوەیە کە یاسای ڕۆژنامەگەری وەک خۆی بێت و یاسایەکی تایبەت بە میدیای ئەلیکترۆنی دەربکرێت."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار