دەست بە پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی کارمەندانی کۆمسیۆن دەکرێت

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو ماڵپەڕی کۆمسیۆن کارا دەبێت بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی کارمەند بۆ کۆمسیۆن، کە پشکی ھەرێمی کوردستان ٤٠ هەزار کارمەندە.
خالید عەباس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ماڵپەڕی کۆمسیۆن کارا بکرێت بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی کارمەند بۆ کۆمسیۆن و ھاووڵاتیان دەتوانن ئەوانەی تەمەنیان لە ١٩ساڵ کەمتر نییە و بڕوانامەیان لە دواناوەندی کەمتر نییە و هەروەها کارتی دەنگدانیان ھەبێت و لایەنگری حیزبی نەبن، دەتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.
بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونیشی کردەوە، لە ٢٣ی مانگ ھاووڵاتیان دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە تا سەرەتای مانگی ھەشت، کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٤٠ هەزار کارمەندە و پشکی پارێزگای دھۆکیش ١٠ هەزار کارمەندە.
بڵند ئیبراھیم




