ئۆتۆمبێلی بێ ساڵیانە بڕیاری تۆماركردنیان درێژ كرایهوه

هەولێر-KDP.info- ھەزاران ئۆتۆمبێلی بێ ساڵیانە و خوار مۆدێل لە ھەرێمی كوردستاندا ھەن و بڕیاری تۆماركردنیان لە دوێنێ ئێوارەوە درێژ كراوەتەوە بۆ ١ی نیسان، بەرپرسێكی ھاتوچۆش دەڵێ، دەركردنی ساڵیانە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی خوار مۆدێل، لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆیە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل، بە بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان درێژ كراوەتەوە تا رۆژی ١ی نیسان، ئەوەش بۆ ئەوەی زۆرترین ئۆتۆمبێل تۆمار بكرێن، چونكە پێشتر بڕیاری تۆماركردنی ئۆتۆمبێلەكانی خوار مۆدیل تا رۆژی ٢٥ی ئادار بوو، بەڵام چەند رۆژێك پشووی جەژنی نەرۆز بووە لەو ماوەیەدا".
لەبارەی دروستكردنی ساڵیانە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی خوار مۆدێل، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر دەڵێت: "ھیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی بكرێنە فەرمی و ساڵیانەیان بۆ دەربكرێت، لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا لەرێگەی فۆڕمێكەوە زانیارییان لێ وەردەگیرێت و بڕیاری پێدانی ساڵیانە لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆیە".
فازڵ حاجی روونیشی كردەوە: "ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانی خوار مۆدیل تا ئێستا دیار نییە چەندە، بەڵام رۆژانە ژمارەیەكی بەرچاو ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و خوار مۆدیل سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ھاتوچۆ دەكەن و پێشبینی دەكرێت لەگەڵ درێژكردنەوەی بڕیاری تۆماركردنیان، ژمارەیەكی یەكجار زۆر تۆمار بكرێن، چونكە تا ئێوارەش پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكان دەكرێت".
قائید میرۆ




