٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە ھەولێر بایۆمەتری دەنگدەران بەرەو ھەڵکشانە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چەند ڕۆژێکە لە سنووری پارێزگای ھەولێر ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە سیستەمی بایۆمەتری ڕوو لە ھەڵکشانە و بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیش داوا دەکات ھاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

عەبدولڕەزاق موشیر، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئەمڕۆ ڕێژەی بەشداریی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای ھەولێر لە سیستەمی بایۆمەتری گەیشتووەتە ٥٩%، بەڵام چەند ڕۆژێکە ڕێژەی بەشداری تا ئاستێکی زۆر لە بەرزبوونەوەدایە و پێشبینی دەکەین تا کۆتاییی مانگ ڕێژەیەکی زۆر زیاتر تۆمار بکرێت."

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: "ئەو دەنگدەرانەی بەشداریی بایۆمەترییان کردووە کارتیان بۆ ھاتووەتەوە و تا ئێستا تەنیا ١٠%ی کارتەکانی دەنگدەران لای کۆمسیۆن ماوە و وەرنەگیراونەتەوە، لەبەر ئەوەش داوا لە دەنگدەران دەکەین سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان."

عەبدولڕەزاق موشیر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٥٣ بنکە بۆ نوێکردنەوەی پڕۆسەی تۆماری دەنگدەران لە کاردان و پەنجا تیمی گەڕۆکیش پێک ھاتوون، چونکە ھەموو ھەوڵێک دەدەین زۆرترین دەنگدەر بەشداریی تۆماری بایۆمەتری بکات."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار