حکومەت دەربارەی دەوامی قوتابخانەکان بڕیاری دا
__2021_03_10_h19m24s41__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکومەت بڕیاری داوە، دەوامی قوتابخانەکان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تا ١١ لە ١٢ی ئەم مانگەوە دادخرێن تا ٢٥ی ئەم مانگە و دەوامی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەردەوام دەبێت. بۆ مووچەش گوتی، ٢٥ی ھەموو مانگێک دابەش دەکرێت.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و جەخت لەسەر توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکان دەکەینەوە و لە ١٢ی ئەم مانگەوە تاوەکو ٢٥ی ئەم مانگە دەرگای قوتابخانەکان دادەخرێن، تەنھا بۆ پۆلی ١٢ دەوام بەردەوام دەبێت و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین، ڕێکارەکان پەیڕەو بکەن بۆ سەلامەتیی خۆیان، چونکە ڕەنگە ژمارەی توشبووان زیاتر بێت، بۆیە بەکارهێنانی ماسک و دەستشوشتن گرنگە، چونکە ڕۆڵیان ھەیە لە تەشەنەنەکردنی نەخۆشییەکە."
جووتیار عادل گوتیشی: "پێویستە پارێزگارەکان ئەو بڕیار و ڕێکارانەی دەردەچن بەسەر ھاووڵاتییان و فەرمانبەرانیدا جێبەجێ بکەن."
عادل باسی لەوەش کرد: "تا ئێستا ھیچ بڕیارێک بۆ قەدەغەی ھاتوچۆ نییە، بەڵام ڕێکارەکان توند دەکرێن و پێش نەورۆز کۆبوونەوە دەکرێت و ئەگەر پێویست بوو ئەوکات بڕیاری پێویست دەدرێت، بەڵام تا ئێستا بڕیاری قەدەغە نییە."
جووتیار عادل باسی لەوەش کرد: "مووچە بەپێی داھات لە ٢٥ی ھەموو مانگێک دابەش دەکرێت و حکومەت پابەند دەبێت و ڕێژەکەش بەپێی داھات دەبێت کە لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە دیاری دەکرێت."
ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئێمە پێشتر دەستپێشخەر بووینە لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە و گفتوگۆکان بەردەوامن و ئەو دەقەی لە حکومەتەوە ھاتووە و ھەیە، ھێشتا جێگرەوەی دیکەی نەھاتووە قسەی لەسەر بکەین، ئەگەر ھەبێت کێشەمان نییە، تەنھا دەستووری بێت و لە دەرەوەی دەستوور قبووڵی ناکەین، بۆیە کێشەمان نییە بگەینە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژوەندیی ھەردوولا بێت."
گوتیشی: "دەرگامان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا واڵایە و ھەر بیرۆکەیەک ھەبێت جگە لەوەی حکومەت بەدەست ئێمە نەگەیشتووە و ئەگەر ھەر بیرۆکەیەک ھەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا ڕەتی ناکەینەوە."
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایشی گەیاند: "بودجە لە لایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانان و بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و دواتر بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەکرێت و باسی ھەموو خەرجی و داھاتەکان دەکرێت و بودجە زیاتر بۆ پرسی دادپەروەری و شەفافیەتیشە."
عادل گوتیشی: "دوو سیناریۆ دەربارەی بودجەی ھەرێم ھەیە، ئەگەر بودجەی عێراق تێپەڕی، ئەو بڕە پارەی دانراوە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت و ئەگەرنا بەپێی داھاتی بەردەست بودجەی ھەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت."
ئەوەیشی باس کرد: "ھەر ھاووڵاتییەک لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بێتە ھەرێم دەبێت تێستی ٧٢ کاتژمێری کۆرۆنای ھەبێت و ئەوانەی دێنە ھەرێم جگە لەو تێستەی ھەیانە، دەبێت بە شێوەی ھەڕەمەکی تێستیان لێ وەربگیرێت و تیمی تەندرووستی لە بازگەکان دەبن و ھەر پێشێلکارییەک ھەبێت، بە تایبەتی لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت و دەخرێتە لیستی ڕەش و ئەوانەی ئیقامەیان ھەیە و لە ھەرێم نیشتەجێ نین، یان خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانن، دەبێت ھەفتەی جارێک تێستی کۆرۆنا بکەن و پێشکەشی لایەنی پەیوەندیداری بکەن."
بڵند ئیبراھیم




