لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ڕانیەدا، بەشداربووان سەركەوتنەكە بۆ یەكڕیزیی كورد دەگەڕێننەوە

ڕانـیـە-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٠ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیەدا تێدەپەڕێ، كە لە ٥-٣-١٩٩١ لە شاری ڕانیە كڵپەی سەند و پاشان ھەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە، ڕاپەڕینەكەش لە دژی رژێمی دیكتاتۆری حكوومەتی بەعس بوو، وەك بەشداربووانیش دەڵێن، سەركەوتنی راپەڕین، هۆكارەكەی یەكڕیزیی كورد بوو.
ئەمڕۆ ٣٠ـیەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی شاڕی ڕانیەیە، كە لە ٥ی ٣ ساڵی ١٩٩١ ئەم شۆڕشە جەماوەرییە بەرپا بوو، كە سەركەوتنێكی زۆر مێژوویی و گەورە و گرینگی بەدەست ھێنا، كە دواتر قۆناغ بە قوناغ ھەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە تا ئازادكردنی كەركووك لە ٢١ی ٣.

لە دیمانەیەكدا بۆ KDP نیازی حەمە عەزیز، ڕۆژنامەنووس و بەشداربوویەكی ڕاپەرینی ڕانیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بارودۆخ و ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئەوكات ھەمیشە نائاسایی بووە، كورد لەسەد ساڵی رابردوودا وەك نەتەوەیەكی ژێردەست ماوەتەوە و خەبات و تێكۆشانی كردووە لە پێناو مانەوە تاوەكو ئازادی بەدەست بھێنێت، بەڵام ھەمیشە لەلایەن دەوڵەتانەوە دژایەتیی ئەو شۆڕش و ڕاپەرینانەی كورد كراوە، بە تایبەت لە ساڵانی ھەشتاكان زوڵم و ستەمەكانی بەعس زۆر بوون، لەوانە، راگوێزان و بەعەرەبكردنی ناوچەكان و كۆچكردن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی كورد و ئەنفال و كیمیابارانكردن، بۆیە ئەمانە بوونە ھۆكار كە كورد ڕاپەڕینی سەرتاسەری بكات.
"لە بەرەبەیانێكی زوودا لە مزگەوتی گەورەی ڕانیە، بانگەوازی ڕاپەرینمان بە كوردی و عەرەبی كرد، كە من بە عەرەبی بانگەوازەكەم كرد و لە ماوەی نیو كاتژمێردا تەواوی خەڵكی شاری ڕانیە ھاتنە سەر شەقام، كە ئەم دیمەنە لای من زۆر سەرنجڕاكێش بوو". نیازی وای گوت.
نیازی حەمە عەزیز، كە یەكێك بووە لە سەرپەرشتیارانی ڕاگەیاندنی ڕاپەرینی ڕانیە، پێی وایە، كورد ھەرگیز نەیویستووە تۆڵە بكاتەوە و زۆریش لێبووردە بووە، ئەو نموونە بۆ ئەوكات دێنێتەوە كە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار سەربازی رژێمی بەعسی كەوتە دەستی پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك ئازاد كران و ھیچی تۆڵەی لێ نەكرایەوە، ھەروەھا بە راسپاردەی بەرەی كوردستانی كە ئەوكاتە سەركردەی بەرەی كوردستانی سەرۆك بارزانی بوو، ھەمیشە ھێزەكانی رادەسپارد كەس بەدوای تۆڵەكردنەوە نەبێت.
ھەروەھا نیازی، خاڵی سەركەوتنی ڕاپەرین بۆ یەكڕیزیی كورد و بەرەی كوردستانی دەگەڕێنێتەوە، كە ھۆكارێكی گەورە بوو بۆ سەركەوتنی ڕاپەرین، بە تایبەت لە گوتاری سیاسی و پێشمەرگایەتی، ناوبراو پێشی وایە، ئێستا بارودۆخی كورد بە شێوازێكە كە ھەڕەشەمان لەسەرە، دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێ ھەرێمەكەمان بسڕنەوە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە بە رۆحی ڕاپەڕین و گیانی ڕاپەرینی ئەوكات، یەكگرتوو بین. وەك خۆیشی دەڵێت، یەكڕیزی باشترین چەكە كە بتوانین شەڕی لەگەڵ نەیارەكانماندا پێ بكەین.

عوسمان ڕانیەیی، نووسەر و رۆژنامەنوس، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، بە گوێرەی ئەو پلانەی داندرابوو دەبووایە ٧ی ٣ ڕاپەرین بكرێت، بەڵام بە ھۆی ئەوەی بارودۆخێكی سیاسیی نائاسایی ھەست پێدەكرا لەلایەن رژێمەوە، ئەوان دەیانزانی و لە ھەوڵی ئەوەدا بوون پەكی ئەو ڕاپەرینە بخەن، بەڵام ئیرادەی میللەتی كورد بەھێز بوو كە بە یەكدەنگ بەیەك ڕەنگ پێكەوە بە یەكگرتوویی توانرا ڕاپەرین دەست پێبكرێت و سەركەوتنی ڕاپەرین بەدەست بھێنرێت، كە پێشی وایە، ئەو یەكگرتووییەی پێش ڕاپەرین ھەبوو، یەكگرتووییەكی نموونەیی بوو كە لە مێژووی كورددا كەم یەكگرتوویی وا ھەبووە.
ئەو بەشداربووەی ڕاپەرین روونیشی كردەوە، لە رێگای بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە بانگەوازی ڕاپەرین كرا، كاتژمێرەكانی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەم كەرنەڤالێكی جەماوەری بینرا، لە منداڵێكی ١٠ ساڵییەوە تاوەكو پیرێكی ٨٠ ساڵی پیاو و ئافرەت ھەموو پێكەوە ڕژابوونە سەر شەقامەكان و لەلای مزگەوتی گەورە كۆببوونەوە. دەشڵێت، ئەو دیمەنانەی لە ٥ی ٣ بینیمان خۆشمان باوەڕمان بەوە نەدەكرد كە رۆژێك بێت ئەو زاڵمانە بكەونە بن دەست و پێی خەڵك، چێژی ئازادی بكەین، بۆیە لە ماوەی ٨ كاتژمێر و نیودا توانرا ھەموو ڕانیە ئازاد بكرێت.
عوسمان ڕانیەیی، باس لەوەش دەكات، لیژنەیەك پێك ھێنرا بۆ سەرپەرشتیكردن و راگەیاندنی ڕاپەڕین، ئەو لیژنەیە سەرپەرشتیی تەواوی ڕاپەڕینی دەكرد لەناو ڕانیە، ئەو دەستەیەی كە بانگەوازیان كرد لە كۆمەڵێك گەنجانی خۆبەخش و ئازا پێك هاتبوو، ھەروەھا سەركردایەتیی سیاسیی بەرەی كوردستانی بە شێوەیەكی بەرنامەڕێژی خۆی بۆ ئەم شۆڕش و گۆڕانكاریانە ئامادە كردبوو بە داڕشتنی پلانێكی گونجاو، كە ئەوكات سەرۆكی بەرەی كوردستانی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی بوو، بە ھاوكاریی ڕەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفا، وە سەركردایەتی سیاسیی لایەنەكانی دیكەش بەشدار بوون.
ناوبراو دەیگێڕێتەوە و دەڵێـت، بارودۆخ و ھەلومەرجەكە زۆر مەترسیدار بوو ئەوكات، بەڵام ئێمە توانیبوومان لەڕێگای شانەی نھێنی كە چەند كەسێك بووین، بتوانین ئەو پەیامانە بگەیەنین كە پێویست بوو، یەكێك لەوانەی كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆم لەگەڵێ ھەبوو و بەیەكەوە ھاوكاری و كارمان دەكرد تاوەكو سەركەوتنی ڕاپەرین، ئەویش شەھید (ئەحمەدی ساڵح بەگ) بوو، كە پێكەوە بووین لە گۆڕەپانەكەدا من لە بواری ڕاگەیاندن ئەویش لە بواری پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێریدا، ھەروەھا دكتۆر (لەتیف محموود بەرزنجی) كەسایەتییەكی دیاری ڕانیە و دڵسۆزی كوردایەتییە، كە ناوبراویشمان لەگەڵ بوو، ھاوكات جێگای ئاماژەپێكردنیشە عوسمان ڕانیەیی كتێبێك لەبارەی ڕووداوەكانی ڕاپەڕینی ڕانیە، بە ناوی (ڕانیە و ڕاپەڕین، گوڵچنینێك لە بیرەوەرییەكانم)، بڵاِو دەكاتەوە.
ھەڵـكەوت محەمـەد




