لە سنووری شارەوانییەکانی دهۆک نزیکەی 30 پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە

ھەولێر-KDP.info- لە سنووری شاروانییەکانی دهۆک نزیکەی 30 پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و سەرۆکی شارەوانییەکانی دهۆک دەڵێت، چەندین پڕۆژەی دیکەش لە پلاندان.
دیار بەحری، سەرۆکی شارەوانییەکانی دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک 28 پڕۆژە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان خراونەتە بواری جێبەجێکردن و پڕۆژەکان بەسەر شارەوانیی هەموو قەزا و ناحیەکانی دهۆکدا دابەش کراون و دەست بە کارکردن تێیاندا کراوە و لەلایەن تیمەکانی حکوومەتیشەوە چاودێریی بەڕێوەچوونیان دەکرێت."
سەرۆکی شارەوانییەکانی دهۆک گوتیشی: "پڕۆژەکانمان زۆربەی ئەو کەرتانەی سەر بە شارەوانی لەخۆ دەگرێت لە ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و چەندین کەرتی دیکەش."
دیار بەحری ڕوونی کردەوە: "سەرەڕای قەیرانی دارایی بەو داهاتەی لە بەردەستە بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی پڕۆژەکانمان و چەندین پڕۆژەی دیکەش لە پلانی ئێمەدان، لە کاتی تەرخانکردنی پارەی پێویست ئەوانیش جێبەجێ دەکرێن."
قائید میرۆ




