وهزارهتی تەندروستی لەگەڵ ئەوەدا نییە لە ئێستادا دەرگای قوتابخانەكان كراوە بێت

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ژمارەیەك تووشبوو بە نەخۆشیی كۆرۆنا لەنێو منداڵاندا تۆمار كرا، وەزارەتی تەندروستی چەند پێشنیازێكی داوەتە پەروەردە و ئەندامێكی لیژنەی پەروەدەش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پێداچوونەوە بە دەوامی قوتابخانەكاندا بكرێت".
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق و ھەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، بەداخەوە كۆرۆنای نوێ منداڵانیش تووشی دەبن و مەترسی ھەیە بۆ سەر ژیانی قوتابیان، چونكە ڤایرۆسی ئێستا زووتر بڵاو دەبێتەوە و دوو حاڵەتی مردنی منداڵانیش لە عێراق تۆمار كراون".
ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پێداچوونەوە بە بڕیاری دەوامی قوتابخانەكاندا بكرێت و رێنمایی خۆپارێزی توند بكرێت، ئەگەریش بڕیاری راگرتنی دەوام بدرێت، ئەوا بۆ ماوەیەكی كەم بێت تا ئامارەكان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆناوە دەردەكەون".
گەردی روونیشی كردەوە: "وەزارەتی تەندروستی سێ پێشنیازی داوەتە وەزارەتی پەروەردە، بەڵام تا ئێستا پەروەردە ھیچ بڕیارێكی نەداوە بۆ دەوامی قوتابخانەكان، ئەوەی ئێمە زانیومانە تەندروستی لەگەڵ ئەوەدا نییە دەرگای قوتابخانەكان كراوە بێت لە ئێستادا، سبەینێش لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و پێشبینی دەكرێت لەوێ بڕیاری پێویست بدرێت".
قائید میرۆ




