دەستووری سووریا بەرەو کوێ؟
__2021_02_02_h16m44s40__ER.jpg)
ژنێڤ -KDP.info- دوای تەواوبوونی گەڕی پێنجەمی گفتوگۆکانی نووسینەوەی دەستووری سووریا، پشکداربووە کوردەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدوێن و دەشڵێن، موکڕن لەسەر چەسپاندنی مافەکانی کورد لە نووسینەوەی دەستووری سووریادا.
لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سووریا لە ئاداری ساڵی ٢٠١١ـوە ئەو وڵاتە بووەتە شوێنی بەهێزکردنی نفووزی وڵاتان و کێشەی سەرەکیی وڵاتەکە نەبوونی چارسەرییەکی سیاسییە.
کامەران حاجۆ, ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا کە بەشدارە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریادا، دەڵێت، ئەم جارەش ڕژێمی ئەسەد خۆی لە خاڵە سەرەکییەکانی دەستوور دزییەوە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ڕژێمی سووریا دەیەویست عرووبەتی بەسەر تەواوی گەلی کورددا بسەپێنێت، ئەمە تا بڵێی جێگای قبووڵکردن نییە، ئێمە وەک ئەنجومەنی نیشتمانی تا مردن پشتیوانی و پشتگیری لە گەلی کورد و مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکەین."
ئاماژەیشی دا: "ئەوەی ڕژێم دەیڵێت بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و تا ماوین بە دڵ و گیان لەگەڵ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردین لە دەستووردا."
هەرچەندە گەڕی پێنجەمیش تەواو بوو، کەچی هیچ شتێک بە کردار و بڕیار لە ئەنجامی ئەم گەڕەدا نەبینرا.
زیاتر لە ساڵێکە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا پێک هاتووە و کۆبوونەوەکانی لەژێر چاودێریی نوێنەری یوئێن بۆ کاروباری سووریا بەڕێوە دەچێت.
حەواس عەگید کە خۆی ئەندامی تیمی پیکهاتەکانی سووریای ئایندە بووە لە گەڕی پێنجەمی ژنێڤ، دەڵێت: ''گفتوگۆ لەسەر خاڵە بنچینەییەکان کرا، بەڵام نەگەیشتینە ڕێککەوتن، چونکە ناتوانین بڵێین بەرەوپێشچوونێک پەیدا بووە، ئەمە پرۆسەیەکی دوورودرێژە."
حەواس عەگید دەڵێت: "بۆ ئێمەی کورد پشکداریکردن باشە، چونکە هەمیشە لە سووریادا هیچ شتێک بە ناوی کورد نەبووە، ئێستاش دەمانەوێت داوای مافەکانی خۆمان بکەین لەو دەستوورە و ئایندەی سووریادا."
ئەم جارە کورد چوار پێشنیازی کرد و گفتوگۆش لەسەر هەرچوار پێشنیازەکە کرا کە ناوی سووریا، کۆماری سووریا بێت، زمانی کوردی ددانی پێدا بنرێت و، وەکهەڤیی گەلانی سووریا بچەسپێت و، سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەیی بێت.
عەگید دەڵێت، بۆ کاروباری پیکهاتەکان ئەوان شەش خاڵیان ڕادەستی یوئێن کرد بۆ ئەوەی لە دەستووردا جێگر بکرێن.
خاڵی ناکۆکیی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ڕژێم ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دەستکاریی شێوازی دانانی سەرۆک و دەستوور بکرێت و شێوازی پەرلەمانی بچەسپێت، کەچی ڕژیمی سووریا لە گفتوگۆکاندا دەیەوێت سەروەریی وڵات لە گرووپەکان پارێزراو بێت و دەیەوێت بابەتی سەروەریی وڵات گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ڕژیم بەوە تۆمەتبار دەکات کە خۆی هۆکاری دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری سووریادا بووە، بەڵام ڕژێمی سووریاش ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکات کە ئەو ئۆپۆزسیۆنە هی سووریا نییە و هەموویان خەڵکانی دەرەوەی سووریا پشتیوانییان لێ دەکەن و ئەمەش پێشێلکارییە بەرانبەر سەروەریی وڵات.
کاروان باعەدری




