٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی: داواكاریی خەڵكی بەردەڕەش دەگەیەنینە ئەنجوومەنی وەزیران

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی قەزای بەردەڕەشیان كرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئەو سنوورە كۆبوونەوە. دوای كۆبوونەوەكەش، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی: "داواكاریی خەڵكی بەردەڕەش دەگەیەنینە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران".

هێمن هەورامی، لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ قەزای بەردەڕەش، بە میدیاكانی ڕاگەیاند: "لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بڕیارمان داوە كە ناوە ناوە سەردانی نووسینگەكان بكەین، ئەمڕۆش سەردانی نووسینگەی ئاكرێ و بەردەڕەشی پەرلەمانی كوردستانمان كردووە، ئامانجیشمان ئەوەیە بزانین پەیوەندیی نووسینگەكانمان لەگەڵ قایمقام و دامەزراوەكان لە چ ئاستدایە، هەروەها داخوازیی خەڵكی ناوچەكە چییە كە یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی پەرلەمان بەدواداچوونە،‌ بابەتێكی دیكەش، كە گرنگە، ئاستی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەیە كە لە پەرلەمان دەرچوون، كە ئایا كاریگەرییە مەیدانییەكانی چین و چۆن جێبەجێ دەكرێن، بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بە هەمواركردنەوە بكات یان گۆڕینی بەشێك لە رێنماییەكان، ئەنجامیان بدەین".

هەورامی ڕاشیگەیاند: "خالێكی تریش كە ئامانجی حكوومەت و پەرلەمانە، خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی كوردستانە و گەیاندنی خزمەتگوزارییە پێیان لە سێكتەرەجیاوازەكاندا، لیژنەی تایبەتمەندیشمان هەیە لە پەرلەمان و یەكێك لە ئەركی ئەو لیژنانە، بەداواداچوونە بۆ ئەو كەموكوڕیانەی هەن،‌ بۆیە بۆ ئێمە گرنگ بوو بزانین لە سێكتەری پەروەردە و رێگاوبان و تەندروستی كێشەكان بەچ ئاست گەیشتوون، هەروەها ئەو پڕۆژانەی تەواو نەكراون لەس نوورەكە، پێویستیان بە چییە بۆ تەواوكردن و لیژنە پەرلەمانییەكانی ئێمە و نووسینگەش، لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرە بەڕێزەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدا بن و بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستە، بەشێك لەو كێشانە چارە بكرێن".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "نووسینگەكانی ئێمە بۆ وەرگرتنی داواكاریی هاووڵاتیان بەردەوام لەسەر خەتن و لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بەشێك لەو داواكاریانەی كە هەن، ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكەین و، لەگەڵ بەڕێز پارێزگار و وەزیرە تایبەتمەندەكانیش قسە دەكەین، كە خۆیان بە شێوەی مەیدانی سەردانی بەردەڕەش بكەن و كێشەكان چارە بكەن".

هێمن هەورامی دەشڵێت: "هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی دارایی گەورەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەپێی توانا بەشێك لەو پڕۆژانەی بەردەڕەش، بە تایبەت بابەتی نەخۆشخانەی بەردەڕەش، هەوڵ دەدەین لەگەڵ وەزیری تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار قسەی لەسەر بكەین، هەروەها هەوڵ دەدەین پرۆژەی رێگای رۆڤیا و دارەتوو و كەڵەكیش‌ ئیشی لەسەر بكرێت."

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار