"رێكاری پێویست بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە دەگیرێتە بەر"

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە لە عێراق، ئەمڕۆ وەزارەتی كشتوكاڵ لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە ئەنفلۆنزای باڵندە كۆدەبێتەوە و ھەرچی رێكارێك پێویستە بۆ رێگریكردن لەو نەخۆشییە، دەگیرێتە بەر.
حوسێن حەمە كەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی كشتوكاڵ لەگەڵ لیژنەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ھەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە و تێدا تاووتوێی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە دەكەن، كە ئێستا لە عێراق بڵاو بووەتەوە.
حەمە كەریم گوتیشی، لەو كۆبوونەوەیەدا تاووتوێی ھەموو رێكارەكان دەكرێت بگیرێنە بەر، بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بكرێت.
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێكی ئەو نەخۆشییە لە ھەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە و ھەرچی پێویست بێت دەیكەین بۆ ئەوەی ئەو پەتایە لە ھەرێم بڵاو نەبێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




